رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق، لە روونکردنەوەیەکدا هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی رەتکردەوە باسیان لە کشانەوەی عێراق لە رێکخراوی ئۆپێک دەکرد و رایگەیاند، نە سەرۆکوەزیران و نە حکومەتی عێراق پرسی کشانەوەیان نەخستووەتەڕوو.
وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی حوزەیرانی 2026، رایگەیاند، هەڵوێستی فەرمیی عێراق بریتییە لە دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی بەرهەمهێنانی وڵاتان، بەجۆرێک کە لەگەڵ توانای راستەقینەی بەرهەمهێنانی وڵاتانی ئەندام بگونجێت.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، لەسەر پێشنیازی عێراق، وڵاتانی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی (ئۆپێک پڵەس) دەستیان کردووە بە پرۆسەی هەڵسەنگاندنەوەی توانای بەرهەمهێنانی وڵاتان. ئەم پرۆسەیەش لە رێگەی کۆمپانیایەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتیی سەربەخۆ و بە بەشداریی کارای عێراق بەڕێوەدەچێت.
سەبارەت بە کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنان، وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتانی ئۆپێک پڵەس دەستیان بە گەڕاندنەوەی پلەبەندیی ئەو بڕە نەوتەی کە پێشتر کەمکرابووەوە کردووە. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا هەموو ئەو بڕە نەوتە بگەڕێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی عێراق.
وەزارەتی نەوتی عێراق، لە روونکردنەوەکەدا ئاماژەی بەوە داوە، وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک تێگەیشتنێکی بەرزیان بۆ دۆخی تایبەتیی عێراق هەیە، بەتایبەت ئەو زیانانەی لە 40 ساڵی رابردوودا بەهۆی جەنگ، گەمارۆ و هێرشە تیرۆریستییەکانەوە بەر ژێرخانی نەوتیی وڵاتەکە کەوتوون.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی پێنجشەممە بە رووداوی راگەیاند: "توانای رۆژانەی بەرهەمهێنانمان چوار ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلە، ئامانجمانە بگەینەوە ئەو ژمارەیە."
لە کۆتایی روونکردنەوەکەدا هاتووە، عێراق کار دەکات بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێنێتە ئاستێکی دادپەروەرانە، تاوەکو بتوانێت پێگەی خۆی وەک دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نێو رێکخراوی ئۆپێک بپارێزێت و داهاتی پێویست بۆ پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵات دابین بکات.
ئەو روونکردنەوە دوای ئەوە دێت، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە (25-6-2026) بڵاویکردەوە کە رەنگە بەغدا ناچار بێت لێکۆڵینەوە لە هەموو بژارە بەردەستەکان بکات ئەگەر زیادکردنێکی بەرچاو لە پشکی بەرهەمهێنانی لە چوارچێوەی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)دا بەدەستنەهێنێت، ئەمەش لەژێر ئەو گوشارە داراییانەدایە کە بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتەوە رووبەڕووی وڵاتەکە بووەتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
