رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن دەچنە قۆناخێکی نوێوە و دوای کشانەوەی تەواوی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە 30ی ئەیلوولی ئەم ساڵدا، شێوازی پەیوەندییەکان لە سەربازییەوە بۆ ئابووریی دەگۆڕێت. زەیدی ئاشکرای کرد، وەزارەتەکانی نەوت، کارەبا و گەیاندنی عێراق راسپێردراون پێشینەی کارکردن و گرێبەستە گەورەکان بدەنە کۆمپانیا بەنێوبانگەکانی ئەمریکا.
بەپێی رێککەوتنی ساڵی 2024ی نێوان هەردوو وڵات، هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەیلوولی ساڵی رابردوودا لە بەشەکانی دیکەی عێراق کشانەوە و لە هەرێمی کوردستان جێگیر بوون، بڕیاریشە تاوەکو ئەیلوولی ئەم ساڵ بە تەواویی بکشێنەوە، بەڵام پێشبینیی دەکرێت رۆڵی راوێژکاری هێزەکانی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش بەردەوام بێ.
کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە پێشینەی کارەکاندان
عەلی زەیدی لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ هادلی گامبڵ، رۆژنامەڤانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، وڵاتەکەی لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەداتەوە. زەیدی گوتی: "لە داهاتوودا، کۆمپانیا ئەمریکاییەکان لە پێشینەی کارەکانمان دەبن ئەگەر بیانەوێت لە عێراقدا وەبەرهێنان بکەن."
هەروەها ئاشکرای کرد، وەزارەتەکانی نەوت، کارەبا و گەیاندن راسپێردراون تاوەکو گرنگی بە کۆمپانیا ناودارەکانی ئەمریکا بدەن، بەتایبەت لە بوارەکانی وزە، تەکنەلۆژیا و گەشەپێدان.
زەیدی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری، رەزامەندیی لەسەر چەندین پڕۆژەی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەک (شێڤرۆن، هالیبێرتن و HKN )داوە، هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیای (ستارلینک) بۆ کەرتی گەیاندن بەردەوامە.
سندووقی هاوبەشی وزە و ئاوەدانکردنەوە
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نێو نووسینگەکەی لە بەغداوە وردەکاریی پلانێکی بۆ دروستکردنی سندووقێکی هاوبەشی وزە و گەشەپێدان لەگەڵ ئەمریکا خستەڕوو.
زەیدی روونیکردەوە، داهاتی 500,000 بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ ئەم سندووقە تەرخان دەکرێت تاوەکو لە پڕۆژەکانی کارەبا و ژێرخاندا وەبەرهێنانی پێبکرێت. "ئێمە کار دەکەین تاوەکو بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا بگەیێنینە 7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا."
کێشەی ئۆپێک و سەروەری نیشتمانی
لەبارەی رێکخراوی ئۆپێک، عەلی زەیدی گوتی: "هەوڵ دەدەین پشکێکی دادپەروەرانەی بەرهەمهێنان بۆ عێراق لە نێو ئۆپێکدا جێگیر بکەین کە رەنگدانەوەی تواناکانی وڵات بێت. هەرچەندە رەتیکردەوە عێراق پلانی چوونە دەرەوەی لە ئۆپێک هەبێ، بەڵام راگرتنی ئەندامێتی وڵاتەکەی بە کراوەیی هێشتەوە ئەگەر رێگری لە زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی بکرێت.
بەپێی داتا فەرمییەکان، عێراق لە مانگی ئایاردا رۆژانە 1.48 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، لە کاتێکدا پێش داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە لە مانگی شوباتدا، ئاستی بەرهەمهێنانی نزیکەی 4.2 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.
زەیدی جەختی کردەوە کە هاوبەشی ئابووریی لەگەڵ واشنتن تەنیا بۆ بەرژەوەندیی نیشتمانیی عێراقە و دژی هیچ وڵاتێکی دیکە نییە. زەیدی گوتیشی: "ئێمە ئامادەکاریی بۆ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی سەروەریی دەکەین تاوەکو دووپاتی بکەینەوە کە بڕیارەکانی عێراق تەنیا هی عێراقییەکانن و وڵاتەکەمان لە هێزی بیانی و گرووپی چەکداری دەرەوەی یاسا پاک دەکەینەوە."
چەککردنی گرووپە چەکدارەکان
سەرۆکوەزیرانی عێراق رژدە لەسەر چەککردنی هەموو میلیشیاکان و رایگەیاند کە وادەی کۆتایی بۆ ئەم کارە هاوکات دەبێ لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە 30ـی ئەیلوول. زەیدی گوتی: "دوای کشانەوەی ئەمریکا، هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی چەک لە دەستی هیچ لایەن و گرووپێکدا نامێنێت."
ئاماژەی بەوەش کرد کە گرووپەکانی وەک (سەرایا سەلام) بە سەرکردایەتیی موقتەدا سەدر و (عەسائیبی ئەهلی حەق) بە سەرکردایەتیی قەیس خەزعەلی، ئامادەیی خۆیان بۆ چوونە نێو دەوڵەت نیشانداوە. زەیدی هۆشداریی دا کە هێزە ئەمنییەکان بەرپرسیار دەبن لە هەر هێرشێک کە لە خاکی عێراقەوە بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ.
جەنگی دژی گەندەڵی
زەیدی گەندەڵی بە "دیاردەیەکی سیستماتیک" وەسف کرد و بەڵێنی دا کە رێگری لێبکات. ئاماژەی بەوە کرد، دادگەی تاوانەکانی گەندەڵی توانیویەتی زیاتر لە 98 ملیار دینار (74 ملیۆن دۆلار) و 11 ملیۆن دۆلاری دیکە بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵێنیدا کە لەمەودوا هەموو گرێبەستە حکومییەکان بە شێوەیەکی شەفاف وێبسایتە فەرمییەکان بڵاودەکرێنەوە تاوەکو "رێگری لە دزی و بەهەدەردانی سامانی گشتیی بکرێت."
عێراق لە ساڵی 2025دا لە پلەی 136ـەمین وڵاتی گەندەڵ بووە لە نێوان 181 وڵاتدا. بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی 2021، عێراق نزیکەی 150 ملیار دۆلاری بەهۆی گەندەڵییەوە لەدەستداوە.



.jpg&w=3840&q=75)