رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە بەغدا راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، "چیدیکە رەنگی سوور بۆ هەرێمی کوردستان و بەشێکی عێراق دانانرێت و هاووڵاتییانیان تەنیا لە کاتی پێویستدا دەتوانن سەردانی ئەو ناوچانە بکەن."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی حوزەیرانی 2026، باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، رێنماییەکانیان بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەیان سەبارەت بە گەشتکردن بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە رەنگی سوورەوە گۆڕیوە بۆ رەنگی پرتەقاڵی. لە سیستەمی گەشتیاریی ئەو وڵاتەدا، رەنگی سوور بە واتای "گەشتی بۆ مەکە" دێت و رەنگی پرتەقاڵیش بە واتای "تەنیا لە کاتی پێویستدا سەردانی بکە" دێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هاووڵاتییانی هۆڵەندا دەتوانن سەردانی هەرێمی کوردستان و بەشێکی عێراق، لەوانە بەسرا، بەغدا و باشووری وڵاتەکە بکەن. بەڵام ناوچەکانی رۆژئاوا و ناوەڕاستی عێراق، مووسڵ و بەشێکی دیکەی سنوورەکان هێشتا لە رەنگی سووردا ماونەتەوە.
ئەم نوێکردنەوەیەی رێنماییەکانی هۆڵەندا دوای ئەوە دێت کە لە 17ی حوزەیراندا یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان واشنتن و تاران واژۆ کرا. جەنگی ئێران و ئەمریکا کە لە 28ی شوباتدا دەستی پێ کردبوو، وای کرد باڵیۆزخانەی هۆڵەندا و زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا و جیهان هۆشداریی تووند بدەنە هاووڵاتییانیان تاوەکو سەردانی وڵاتانی ناوچەکە نەکەن، لەوانە ئیسرائیل، عێراق، کوێت، قەتەر و ئیمارات.
بەرپرسێکی باڵیۆزخانەکە لەمبارەیەوە بە رووداوی گوت: "ناوچەکە ئێستا بەرەو قۆناخــی ئارامی دەچێت و ئەم بڕیارەش دوای هەڵسەنگاندنی وردی بارودۆخی ئەمنی دراوە تاوەکو گەشتیارانی ئێمە بگەەنەوە لووتکەی دڵنیایی."




.jpg&w=3840&q=75)