رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی سیاسیی رەوتی نیشتمانیی هۆزایەتیی عێراق دەڵێ، هەڵمەتی دەستگیرکردنی "سەرەگەورەکان" لە عێراق بەردەوام دەبێت و ناوی 64 بەرپرس دراوەتە فڕۆکەخانەکان بۆ ئەوەی رێگری لە گەشتکردنیان بکرێ.
عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرۆکی دەستەی سیاسیی رەوتی نیشتمانیی هۆزایەتی و و سەرکردە لە حەشدی دیفاع لە وەزارەتی بەرگریی عێراق، رۆژی یەکشەممە 28-06-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەڵمەتی دەستگیرکردنی سەرەگەورەکان بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات."
بڕیارە لە 17ی تەممووزدا عەلی زەیدی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا بکات.
جەزائیری، کە کەسایەتییەکی نزیک لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە، ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنەکان فراوانتر دەبن، "بڕیارە ئەمشەویش چەند هەڵمەتێکی دیکە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بەڕێوەبچن."
ئەو سەرکردەیەی حەشدی دیفاع هۆشداری دا بەوەی، "بڕیارە ژمارەیەک سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانیش دەستگیر بکرێن. دەبێت خۆیان رادەستی دادگە بکەن، ئەگەرنا دەستگیر دەکرێن و راپێچی بەردەم یاسا دەکرێن."
عەبدولڕەحمان جەزائیری زانیاریی زیاتری لەبارەی دەستگیرکراوەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ خستەڕوو کە "دیارترین ئەو کەسانەی دەستگیر کراون بریتین لە: موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم و عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان؛ هەروەها ژمارەیەک پەرلەمانتار و چوار بەڕێوەبەری گشتی و دوو راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی."
سەرچاوەیەکیش لە هاوپەیمانیی عەزم بە رووداوی گوت، موسەننا سامەڕایی دەستگیرکراوە و هێشتا دەستبەسەرە.
بە گوتەی جەزائیری، ئەم هەڵمەتانە پاڵپشتن بە بڕیاری دادگە و تۆمەتباران پەیوەندییان بە چەندین کەیسی گەندەڵییەوە هەیە، لەوانەش، "گەندەڵییەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت؛ عەلا سەمیر، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبا و دۆسیەکانی گەندەڵی لە وەزارەتەکانی پیشەسازی، پەروەردە، ناوخۆ و بەرگری."
بە گوتەی عەبدولڕەحمان جەزائیری، رێکاری تووند بۆ رێگری لە هەڵاتنی تۆمەتباران گیراوەتەبەر، "ناوی 64 بەرپرسی عێراق دراوەتە فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکانی عێراق کە گەشتی دەرەوەیان لێ قەدەخە کراوە."
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-06-2026، هێزێکی هاوبەشی دژەتیرۆر، سوپای عێراق و دەستەی دەستپاکیی و هێزە ئەمنیەکانی دیکە، ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لەنێو ناوچەی سەوز، چەند ناوچەیەکی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بەڕێوەبرد.


.jpg&w=3840&q=75)