رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکەی هێزە ئەمنییەکان بە تۆمەتی گەندەڵی، هێزە ئەمنییەکان نوێنەرێکی پەرلەمانیان لە بازنەی سەلاحەددین دەستگیر کردووە و هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی نوێنەرێکی دیکەش، بەڵام لە ماڵەکەیدا نەبووە.
یەکشەممە 28-06-2026 یاسین داوودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین بە رووداوی راگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکەی هێزە ئەمنییەکاندا هیند عەباسی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانیی عەزم لە بازنەی پارێزگای سەلاحەددین دەستگیر کراوە.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە، هێزە ئەمنییەکان هەروەها هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی پەرلەمانتار ئەشواق سالم جبووری، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، بەڵام لەو کاتەدا لە ماڵ نەبووە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-06-2026، هێزێکی هاوبەشی دژەتیرۆر، سوپای عێراق و دەستەی دەستپاکی و هێزە ئەمنیەکانی دیکە، ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لەنێو ناوچەی سەوز، چەند ناوچەیەکی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بەڕێوەبرد. ئۆپەراسیۆنەکە پەیوەست بووە بە دۆسیەی ''عەدنان جومەیلی''، بریکاری پێشووی وەزیری نەوتی عێراق.
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق رایگەیاند، بەهۆی تێوەگلان لە دۆسیەکانی گەندەڵی، ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵا دەستگیرکراون. دەستگیرکردنی ئەو کەسانەش دوای دانپێدانانەکانی بریکاری وەزارەتی نەوت دێت.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، پرۆسەی دەستگیرکردنەکە تەنیا بەرپرسە حکومییەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیشیان تێدایە، کە پێشتر بەهۆی هەبوونی گومان و تۆمەت لەسەریان، پارێزبەندیی پەرلەمانییان لێسەندراوەتەوە.
سەرچاوەیەک لە دەستەی دەستپاکیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆدا ژمارەیەک کەسایەتی دەستگیرکراون، کە لانیکەم 7 پەرلەمانتاریان لەنێودایە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی دەستەی دەستپاکیی عێراق بۆ رووداو، محەممەد کەربوولی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی عەزمی سووننەکان بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕایی؛ عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی؛ محەممەد فرمان شاهر جبووری، پەرلەمانتاری پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی؛ حەسەنەین خەفاجی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ کە لە لیستی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان هەڵبژێردرابوو؛ موزر کەرەوی، پەرلەمانتاری سەروەریی بە سەرۆکایەتیی سەرمەد خەمیس خەنجەر؛ ئەیهەم موزهر کەرەوی، پەرلەمانتار و بەهادین نووری، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لەنێو دەستگیرکراوەکاندان.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەنێو دەستگیرکراوەکاندا ژمارەیەک کەسی دیکە هەن، وەک موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزمی سوننەکان و محەممەد سەیهوود، پەرلەمانتاری پێشوو.



