رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (شاڵاوی بەرەبەیان)دا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسان و پەرلەمانتاران بە تۆمەتی گەندەڵی دەستپێکردووە. لەو چوارچێوەیەدا بریکارێکی وەزارەتی نەوتی عێراق دەستگیرکرا.
سەرچاوەیەک لە دەستەی دەستپاکیی عێراق، رۆژی یەکشەممە 28ی حوزەیرانی 2026 بە رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە فراوانەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا هێزێکی دژەتیرۆری عێراق عەلی مەعاریج بەهادلی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراقی دەستگیرکرد.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی دەستەی دەستپاکیی عێراق بۆ رووداو، محەممەد کەربوولی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی عەزمی سووننەکان بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕایی؛ عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی؛ محەممەد فرمان شاهر جبووری، پەرلەمانتاری پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی؛ حەسەنەین خەفاجی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ کە لە لیستی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان هەڵبژێردرابوو؛ موزر کەرەوی، پەرلەمانتاری سەروەریی بە سەرۆکایەتیی سەرمەد خەمیس خەنجەر؛ ئەیهەم موزهر کەرەوی، پەرلەمانتار و بەهادین نووری، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لەنێو دەستگیرکراوەکاندان.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەنێو دەستگیرکراوەکاندا ژمارەیەک کەسی دیکە هەن، وەک موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزمی سوننەکان و محەممەد سەیهوود، پەرلەمانتاری پێشوو.
سەرچاوەیەکی باڵاش بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت، عەلی مەعاریج و ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی دیکە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون. بەگوتەی سەرچاوەکە، "پارێزبەندیی یاسایی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە لادراوە کە ناویان لە دانپێدانانەکاندا هاتووە."
سەرچاوە باڵاکە ئاماژەی بەوەش کرد، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رژدە لەسەر بەردەوامبوونی ئۆپراسیۆنەکە و "درێغی ناکات لە راوەدوونانی گەندەڵکاران و ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە دەستدرێژیکردنە سەر سامانی گشتی و پارەی دەوڵەت."
پێشتر لە رۆژی پێنجشەممە، 07-05-2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە رێگەی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان (OFAC)، عەلی مەعاریج بەهادلی خستە لیستی سزاکانەوە. ئەمریکا تۆمەتباری کردووە بەوەی پۆستەکەی بۆ "قاچاخچێتیی نەوت بۆ بەرژەوەندیی ئێران و گرووپە چەکدارەکان" قۆستووەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی گەنجینەی ئەمریکا، وردەکاریی گەندەڵییەکانی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوت بەم شێوەیەیە:
- پەیوەندی لەگەڵ قاچاخچییەکان: مەعاریج هاوکاریی سەلیم ئەحمەد سەعیدی کردووە، کە قاچاخچییەکی نزیک لە ئێرانە و تۆڕێکی کۆمپانیاکانی هەبووە بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران بە ناوی "نەوتی عێراقی" بۆ دەربازبوون لە سزاکان.
- بەتاڵانبردنی کێڵگەی گەیارە: رێگەی داوە رۆژانە بایی ملیۆنان دۆلار نەوتی کێڵگەی گەیارە بە تانکەر بۆ کۆمپانیای (VS Oil) لە خۆر زوبەیر بگوازرێتەوە؛ لەوێ نەوتی ئێرانی و عێراقی تێکەڵکراون و بە بەڵگەنامەی ساختە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان کراون.
عەلی مەعاریج بەهادلی کێیە؟
• لە ساڵی 1966 لە پارێزگای مەیسان لەدایکبووە.
• دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی بەغدایە، پسپۆڕی ئەندازیاریی نەوت.
• وەک ئەندازیار لە کۆمپانیای هەڵکەندنی عێراقی کاری کردووە.
• پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی مەیسانی بەڕێوەبردووە.
.
• بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گرێبەست و مۆڵەتە نەوتییەکان بووە.
• سەرپەرشتیی گفتوگۆکانی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان کردووە بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکان.


