رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی "گەورە و کتوپڕدا" کە بە تانک و زرێپۆش و پشتیوانیی هەلیکۆپتەر بەڕێوەچوو، هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەڵیانکوتایە سەر ناوچەی سەوز و چەند ناوچەیەکی دیکەی بەغدا و پارێزگاکان. لە ئەنجامدا، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، بریکارێکی وەزیری نەوت و ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسانی باڵا بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کران.
بەرپرسانی عێراقی پێیانوایە "ئەمە سەرەتای هەڵمەتێکی گەورەیە و ناوی 64 بەرپرس دراوەتە فڕۆکەخانەکان بۆ ئەوەی رێگری لە گەشتکردنیان بکرێت."
ئۆپەراسیۆنەکە چۆن دەستیپێکرد؟
ئۆپەراسیۆنەکە بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، 28-06-2026، بە بەشداری هێزەکانی دژەتیرۆر، سوپای عێراق، ئاسایشی نیشتمانی و دەستەی دەستپاکی، دەستپێکرد. سەرەتا دەروازەکانی ناوچەی سەوز داخران و دواتر هێزەکان بە پاڵپشتیی ئاسمانی چوونە ناو چەندین شوێنی هەستیار. ئۆپەراسیۆنەکە تەنیا بەغدای نەگرتەوە، بەڵکو پارێزگاکانی نەینەوا، سەلاحەدین، ئەنبار، بابل و واستیشی گرتەوە.
دۆسیەکە زیاتر پەیوەندی هەیە بە عەدنان جومەیلی، کە رۆژی 30ی ئایاری 2026، لە ناوچەی ئیسحاقی لە پارێزگای سەلاحەدین دەستگیرکرا، یەکێک بوو لە دەستڕۆیشتووترین بەرپرسانی کەرتی نەوت لە سەردەمی کابینەکەی سوودانیدا.
دەستگیرکراوەکان کێن؟
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتوون، لیستێکی درێژ لە بەرپرسانی باڵا دەستگیر کراون. سەرچاوەیەک لە دەستەی دەستپاکیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دیارترین دەستگیرکراوەکان، موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، یەکێک لە سەرکردەکانی عەرەبی سوننە و عەلی مەعاریج بەهادلی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراقن کە شیعە مەزهەبن".
دەستگیرکراوەکانی دیکەش پێکدێن لە:
- محەممەد کەربوولی (هاوپەیمانیی عەزم).
- عالیە نوسەیف (هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان).
- محەممەد فرمان شاهر جبووری (پارتی تەقەدوم).
- حوسێن خەفاجی (پەرلەمانتاری سەربەخۆ).
- موزر کەرەوی (هاوپەیمانیی سەروەری).
- ئەیهەم موزهر کەرەوی (پەرلەمانتار).
- بەهادین نووری (هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان).
- هیند عەباسی (پەرلەمانتار لە هاوپەیمانیی عەزم).
لە کاتی دەستگیرکردنی موسەننا سامەڕاییدا، هەریەک لە مەحموود قەیسی و حەیدەر مولا لە ماڵی ناوبراو بوون و بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کران، بەڵام دواتر ئازاد کران.
دۆسیەی نەوت و سزاکانی ئەمریکا
دەستگیرکردنی عەلی مەعاریج بەهادلی، بریکاری وەزیری نەوت، لە ناوچەی زەیونەی بەغدا، یەکێکە لە گرنگترین بەشەکانی ئۆپەراسیۆنەکە. مەعاریج ناوی لەنێو دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی (بریکاری پێشووی وەزارەت) هاتووە و لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاشەوە لە 07-05-2026 سزای بەسەردا سەپێنرابوو.
ئەمریکا مەعاریجی تۆمەتبار کردووە بەوەی پۆستەکەی بۆ "قاچاخچێتیی نەوت بۆ بەرژەوەندیی ئێران و گرووپە چەکدارەکان" بەکارهێناوە و رێگەی داوە نەوتی کێڵگەی گەیارە بە ناوی نەوتی عێراقییەوە رەوانەی بازاڕەکان بکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئۆفیسی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI) لەم ئۆپەراسیۆنەدا هاوئاهەنگیی حکومەتی عێراقی کردووە.
یاسین داوودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە رووداوی راگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکەی هێزە ئەمنییەکاندا دەنگۆی دەستگیرکردنی هیند عەباسی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانیی عەزم لە بازنەی پارێزگای سەلاحەدین هەیە.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە، هێزە ئەمنییەکان هەروەها هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی پەرلەمانتار ئەشواق سالم جبووری، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، بەڵام لەو کاتەدا لە ماڵ نەبووە.
پشتگیریی سیاسی و بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکە
عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرۆکی دەستەی سیاسیی رەوتی نیشتمانیی هۆزایەتی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەڵمەتی دەستگیرکردنی سەرەگەورەکان بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی ئەمریکا دەکات لە 17ـی تەممووزدا."
جەزائیری، هۆشداریی دا و گوتی: "بڕیارە ژمارەیەک سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانیش دەستگیر بکرێن؛ دەبێت خۆیان رادەستی دادگە بکەن، ئەگەرنا راپێچی بەردەم یاسا دەکرێن." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەری دەستگیرکردنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووش هەیە.
لەناو پەرلەمانیشەوە پشتیوانی بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕدرا. شاکر مەحموود تەمیمی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پشتیوانی لەم هەنگاوە دەکەین و هیوادارم تەنیا بابەتی عەدنان جومەیلی نەبێت و سەرجەم دۆسیەکانی دیکەی گەندەڵیش هەڵبدرێنەوە."
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەردەوام دەبێت لەو ئۆپەراسیۆنانە و دەستگیرکردنی بەرپرسان، چونکە ئەمریکا و ئێران و هەموو عێراقییەکانی لە پشتە."
دۆسیەکەی جومەیلی
رۆژی دووشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی دوایین ئاماری ئەو موڵک و ماڵانەی بڵاوکردەوە، کە لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت دەستیان بەسەردا گیراوە.
دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگەی تاوانەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەڵێت، بۆیان روونبووەتەوە پارەی ئەو بەرپرسە کە لە رێگەی بەهەدەردان لە پڕۆژەکانەوە دەستی کەوتووە، گەیشتووەتە 10 ملیۆن دۆلار ( نزیکەى 16 ملیار دینار) و 31 ملیار دینار.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، رۆژی یەکشەممە 21ـی حوزەیران دەستگیراوە بەسەر نزیکەی 20 ملیار دینار کە لە یەکێک لە کێڵگەکان شاردرابووەوە و رێگریش لە بەقاچاخبردنی پێنج ملیار دیناری دیکە بۆ یەکێک لە پارێزگاکان کراوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند، یەکێک لەو رێکارانەی دژی ئەو بریکارەی پێشووی وەزارەتی نەوت گیراوەتەبەر، دەستبەسەرداگرتنی 70 موڵک و 21 ئۆتۆمبێلی نوێ و سێ کیلۆگرام زێڕ بووە.
.jpg&w=3840&q=75)
