رووداو دیجیتاڵ
دوای هەفتەیەک لە لادانیان بەهۆی گومانی تێوەگلان لە گەندەڵی، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دیوانیە و یاریدەدەرەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
یوسف غەڕاوی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە، رۆژی دووشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێش هەفتەیەک بڕیارێک لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گەیشتە دەستمان بۆ لادانی موسلیم خزەیر، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبا و یاریدەدەرەکەی، دواتریش سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگا واژۆی کرد."
بە گوتەی یوسف غەڕاوی، رۆژی یەکشەممە، 28ـی حوزەیران، لە چوارچێوەی هەڵمەتی دژە گەندەڵی لە پارێزگاکان، هێزێکی ئەمنی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئەو بەڕێوەبەرە لادراوە و یاریدەدەرەکەیان دەستگیر کردووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان وەک ئەنجوومەن تووشی سەرسوڕمان بوون لە دەستگیرکردنی ئەو بەڕێوەبەرە و گوتی: "پێشینەی گەندەڵی نەبووە، بەڵام دۆخی کارەبا لە دیوانیە زۆر خراپە و سکاڵایەکی زۆری لەسەر بووە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە راشیگەیاند، دەستگیرکردنی گەندەڵکاران بووەتە هۆی سڵەمینەوەی زۆر لەوانەی دەستیان لە دزینی سامانی گشتی هەیە و گوتی: "ئێستا ئاراستەیەک دروستبووە کە دەبێت دزی رابگیرێت، چونکە چیدیکە شوێن بۆ گەندەڵکاران لەم وڵاتە دا نەماوە."
سەبارەت بە وردەکاریی ئەو دۆسیانەی بوونەتە هۆی دەستگیرکردنیان، یوسف غەڕاوی روونی کردەوە، رەنگە دەستەی دەستپاکی کۆمەڵێک بەڵگە و دۆسیەی گرنگی لەبەردەست دا بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی وردەکارییەکەی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا رانەگەیێندراوە.

.jpeg&w=3840&q=75)
