رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر هەڵمەتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی بە "پاڵەوانانە" وەسف دەکات و هیوای بەردەوامیی بۆ دەخوازێت، داواش لە گوتارخوێنانی هەینی دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو هەڵمەتە گردبوونەوەیەکی ئاشتییانە بکەن.
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە لە نووسینێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، ئەوەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران لە هەڵمەتی دەستگیرکردن لە دژی گەندەڵکاران دەیکات "هەڵمەتێکی چاکسازیی پاڵەوانانەیە و هیوادارین بەردەوام بێت".
موقتەدا سەدر گوتی: "ئەو هەڵمەتە ئومێدی بۆ دڵمان و دڵی گەلی عێراق گەڕاندەوە، لەدوای ئەوەی گەندەڵکاران دەستیان بەسەر سەروەت و سامانیدا گرتبوو".
لە 28ی حوزەیرانەوە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەڵمەتەکانیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە چڕکردووەتەوە کە بە گەندەڵی تۆمەتبارن و هەر ئەو رۆژە زیاتر لە 47 کەس دەستگیرکران کە 12 یان پەرلەمانتار بوون.
سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە ستایشی رۆڵی دادگە و هێزە ئەمنییەکانی کرد بەتایبەت هێزی بنەبڕکردنی تیرۆر و رایگەیاند، بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو هەڵمەتە پێویستە گوتارخوێنانی مزگەوتەکان رۆژی هەینی سەرپەرشتیی گردبوونەوەیەکی مەدەنییانە بکەن و ئاڵای چاکسازیی ئیمام حوسێن هەڵبگرن.
.jpg&w=3840&q=75)



