رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ئەنبار بازرگانێکی ئۆتۆمبێلیان دەستگیرکرد کە بەگوتەی بەرپرسێکی پارێزگاکە، گومان دەکرێ پەیوەندی بە دۆسیەی گەندەڵی بریکاری پێشووی وەزیری نەوتەوە هەبێت.
ئەو کەسە لە سنووری ناحیەی بەروانە دەستگیرکرا کە سەر بە قەزای حەدیسەی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبارە.
دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026، ئەحمەد رەجا غەزال، بەڕێوەبەری ناحیەی بەروانە و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی ناحیەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئەو کەسە ناوی عەبدولمونعیم محەممەد وەردییە و بازرگانی ئۆتۆمبێلە و لە خێزانێکی ناسراوە، بەڵام فەرمانبەری دەوڵەت نییە.
دەستگیرکردنی ئەو کەسە هاوکاتە لەگەڵ ئەو هەڵمەتەی دوو هەفتەیە هێزە ئەمنییەکان دەستیان پێکردووە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی، بە تایبەت دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوت.
دووشەممە 29ی حوزەیران، سەعد غازی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە گرێبەستی بەکرێدانی ئۆتۆمبێلی لەگەڵ حکومەت هەبووە و دۆسیەکەی پەیوەندیدارە بە دۆسیەی گەندەڵی عەدنان جومەیلی و ئێستا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێ.
لە 30ی ئایاردا عەدنان جومەیلی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا و لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. لە 22ی حوزەیران، ئەنجومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند، تێکڕای ئەو موڵک و ماڵانەی ئەو بەرپرسە کە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستیان بەسەردا گیراوە، گەیشتووەتە 10 ملیۆن دۆلار و 31 ملیار دینار و 70 موڵک.



.jpg&w=3840&q=75)
