تیمەکانی دەستەی دەسپاکیی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی گەیشتنە پارێزگای زیقار؛ گوتەبێژی پارێزگاکە دەڵێ، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی زەوی هەڵاتووە و دەرکەوتووە حەوت هەزار پارچە زەوی دووبارە بەسەر خەڵکدا دابەشکردووەتەوە.
رۆژی دووشەممە، ئەحمەد سەلیم، گوتەبێژی پارێزگای زیقار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تیمەکانی دەستەی دەسپاکیی عێراق لە بەغداوە گەیشتوونەتە شاری ناسرییە و لە شەوی رابردووەوە دەستیان بە بەدواداچوون بۆ کەیسەکانی گەندەڵی کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە دێت کە سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی رابردوو رایگەیاند."
گوتەبێژی پارێزگای زیقار ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی بوونی مەلەفی گەندەڵی، ئێستا سەرجەم کارەکانی دابەشکردنی زەوی لە ئەنجوومەنی پارێزگا راگیراون. راشیگەیاند: "سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی زەوی لە پارێزگاکە، کە فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەوە بۆ دەرچووە، هەڵاتووە و کەس نازانێت لە کوێیە."
سەبارەت بە وردەکاریی گەندەڵییەکان، ئەحمەد سەلیم گوتی: "ئەو بەرپرسە دەستی هەبووە لە یاریپێکردن بە دۆسیە و پەڕاوەکانی دابەشکردنی زەوی؛ نزیکەی 1500 پارچە زەوی دابەشکردووە و لە بەرامبەر زەوییە باش و بەنرخەکاندا پارەی لە خەڵک و فەرمانبەران وەرگرتووە، تەنانەت ئەوانەشی کە خاڵەکانیان کەم بووە و شایستە نەبوون، لە بەرامبەر پارەدا زەوییان پێدراوە."
گوتەبێژی پارێزگای زیقار گوتی: "زیاتر لە حەوت هەزار ژمارەی هاوبەش یان دووبارە وەک پارچە زەوی بەسەر هاوڵاتییان دابەشکراون، کە ئەمە کێشەیەکی گەورەی دروستکردووە."
ئەحمەد سەلیم داوای کرد، لیژنەیەکی تایبەت بۆ وەرگرتنی سکاڵای ئەو هاوڵاتییانە پێکبهێنرێت کە لە دۆسیەکانی زەوی و شارەوانییەکاندا زیانیان بەرکەوتووە، تاوەکو مافەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
