رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا تاوەکو ئێستا 48 کەس دەستگیرکراون و دەست بەسەر نزیکەی یەک ملیار دۆلار و بڕێکی زۆر زێڕ و موڵکدا گیراوە.
ئاڤێستا مام یەحیا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە تاوەکو ئێستا، ژمارەی دەستگیرکراوەکان گەیشتووەتە 48 تۆمەتبار. تەنیا لە قۆناخی کۆتاییدا 21 کەس دەستگیرکراون و سێ کەسی دیکەش هەڵاتوون."
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، لێکۆڵینەوەکان "زۆر بە نهێنی" بەڕێوەدەچن، ناوی زۆربەی تۆمەتباران ئاشکرا نەکراوە، بۆ ئەوەی هەوڵی هەڵاتن نەدەن.
هەڵمەتەکە چەندین پارێزگای گرتووەتەوە، لەوانە بەغدا، سەڵاحەدین و سەماوە. ئاڤێستا مام یەحیا گوتی: "لیژنەی دەستپاکی باس لە زیاتر لە 50 دۆسیەی گەندەڵی تەنیا لە پارێزگای بەغدا دەکات، کە وەزارەتە سیادییەکانی وەک ناوخۆ و بەرگریش دەگرێتەوە."
سەبارەت بەو پارە و سامانەی دەستی بەسەردا گیراوە، ئاڤێستا مام یەحیا گوتی، "ئەوەی تاوەکو ئێستا دەستی بەسەردا گیراوە بە نزیکەی یەک ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت. جگە لەوەش دەست بەسەر چەندین ئۆتۆمبێل و ئەسپی بەهاداردا گیراوە."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشدا، لە ماڵی یەکێک لە تۆمەتباران بە ناوی بەها نووری، دوو قاسە زێڕ دۆزراوەتەوە، کە بەهاکەی بە نزیکەی 250 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.
قسەکانی ئاڤێستا مام یەحیا ئەمڕۆ دووشەممە 29-6-2026 بوو لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە رێبوار عەلی پێشكێشی کرد.
ئاڤێستا مام یەحیا باسی لەوەشکرد کە لەنێو دەستگیرکراوەکاندا بریکاری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی و پەرلەمانتاریش هەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەرپرسێکی کورد لەنێویاندا نییە. گوتیشی، "چاوەڕێ دەکرێت ناوی گەورەتریش ئاشکرا بکرێت."
سەبارەت بە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارە گوتی، "هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە پشتیوانیی حکومەتی فیدراڵی کردووە و سێ تۆمەتباری رادەست کردووەتەوە". گوتیشی، "دڵنیام ئەگەر داوای هەر تۆمەتبارێکی دیکە بکرێت، هەرێمی کوردستان هەمان هەڵوێستی دەبێت و بەرگری لە گەندەڵکاران ناکات."
لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەکان بەردەوامن و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەکە چەند مانگێک بخایەنێت.
رۆژی یەکشەممە 28ی حوزەیرانی 2026، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان لە ناوچەی سەوز و چەند پارێزگایەک دەستپێکردووە. لە ئەنجامدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کراون، کە لە دیارترینیان موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم و عەلی مەعاریج بەهادلی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بوون.


