رووداو دیجیتاڵ
ئۆپەراسیۆنەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی عێراق چەندین پارێزگای گرتووەتەوە. بە گوتەی دوو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل و واست، ئۆپەراسیۆنی هەڵکوتانەسەر ماڵ و موڵک لەو دوو پارێزگایە هەبووە و پارێزگاری پێشووتری بابل و پێشووی واسیت دەستگیرکراون.
رۆژی چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، محەممەد مەنسووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شەوی رابردوو لە ناوچەی شۆمەلیـیە، فیرقەیەکی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان کە لە بەغداوە هاتبوو، هەڵیانکوتایە سەر باخی یەکێک لە حووتەکانی گەندەڵی."
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل گوتی: "باخەکە موڵکی سادق مەدلوول، پارێزگاری پێشووتری بابلە کە دەستگیرکراوە."
محەممەد مەنسووری ئاماژەی بەوەش کرد: "بەگوێرەی زانیارییەکان، دەیان ملیار دینار لەو باخەدا دەستی بەسەردا گیراوە."
محەممەد مەنسووری باسی لەوەش کرد کە "سادق مەدلوول لە 2017ـەوە 33 سکاڵای یاسایی لەسەرە. ئێستا سەرجەم گەندەڵییەکانی ئاشکرا کراون."
هەر بە گوتەی مەنسووری، "دوێنێ شەو لە ناحیەی (نیل)ـیش هەڵکوتانە سەر ماڵی گەندەڵکاران هەبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وردەکارییەکەی نازانرێت."
''پارێزگاری پێشووی واست دەستگیرکراوە''
هاوکات حەبیب بەدری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای واست بە رووداوی گوت: "لە واست تەنیا یەک ئۆپەراسیۆنی پشکنین هەبوو، ئەویش بۆ ماڵی محەممەد مەیاحی، پارێزگاری پێشوو بوو."
حەبیب بەدری دەڵێت: "بەگوێرەی زانیارییەکانمان، هیچ شتێک لە ماڵەکەی مەیاحی دا نەدۆزراوەتەوە، بەڵام خۆی دەستگیرکراوە و براوەتە بەغدا."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی واست، گرتنی محەممەد مەیاحی "پەیوەندیی بە دۆسیەی سووتانی هایپەرمارکێتەکەی کووتەوە هەیە." ئەو هایپەرمارکێتە کە دەکەوێتە شاری کووت لە ناوەندی پارێزگای واست، شەوی 16ـی تەممووزی پار ئاگری لێکەوتەوە و بەهۆیەوە 63 کەس گیانیان لەدەستدا.
هاوکات ئەحمەد غەنی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر پارە دەکەن لە پارێزگاکەدا و دەڵێت: "لە زیقار هیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە و پارەش دەستی بەسەردا نەگیراوە."
لە (هەڵمەتی بەرەبەیان)دا، کە بەرەبەیانی رۆژی 28-06-2026 دەستیپێکرد، تاوەکو ئێستا 21 بەرپرس و پەرلەمانتار دەستگیرکراون، کە 13یان پەرلەمانتاری ئەم خولەن و ئەوانی دیکەیان پەرلەمانتاری خولی رابردووە. هەروەها دوو بریکاری وەزارەتی نەوت لە نێو دەستگیرکراوەکاندان.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)