رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری نەوتی عێراق، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی دەکەن و رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی لەو بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە "ساختەن" و ئەو لەسەر کارەکەی بەردەوامە.
رۆژی چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، د. عیزەت سابیر ئیسماعیل، کە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جێگری وەزیری نەوتی عێراقە لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "چەند رۆژێکە هەندێک پەیج و ئەکاونتی بێخاوەن هەواڵێکی ناڕاستییان لەسەر من بڵاوکردووەتەوە، گوایە کاری نایاساییم کردووە و بڕیاری دەستگیرکردنم بۆ دەرچووە؛ ئەم هەواڵە دوورە لە راستییەوە و من ئێستا لە وەزارەتی نەوت بەردەوامم لە کاری رۆژانەی خۆم."
جێگری وەزیری نەوت ئاماژەی بە ناڕاستیی ئەو زانیارییانە کرد کە لەبارەی گرێبەستەکانی کێڵگەی کۆرمۆرەوە بڵاوکراونەتەوە و گوتی: "کۆمپانیای دانا گاز گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کردووە، نەک وەزارەتی نەوتی عێراق؛ بۆریی کۆرمۆر، کێڵگەی کۆرمۆر و بەرهەمی کۆرمۆریش لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە."
عیزەت سابیر، رایگەیاند: "من لە رۆژی دەستبەکاربوونمەوە تاوەکو ئێستا، هەموو ساڵێک ئەستۆپاکی (زانیاریی دارایی)ی خۆمم پێشکێش بە دەستەی دەستپاکیی عێراق کردووە و هەمیشە ئامادەم بۆ لێپرسینەوە."
لە کۆتایی روونکردنەوەکەیدا، جێگری وەزیری نەوتی عێراق هۆشداریدا بەو لایەنانەی دەنگۆکەیان بڵاوکردووەتەوە و گوتی: "بە مافی خۆمی دەزانم سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو پەیج و ئەکاونتانە تۆمار بکەم."
ئەو روونکردنەوەیەی عیزەت سابیر لە کاتێکدایە، حکومەتی عێراق دەستی بە هەڵمەتێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کردووە، بەرەبەیانی 28-6-2026 هەڵمەتێکی بۆ دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسانە دەستپێکرد، کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی.
حەیدەر عەبوودی، شەوی سێشەممە 29-6-2026 رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 21 بەرپرس و پەرلەمانتار بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
