رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری بەسرە رایدەگەیێنێت، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای باشوور لە شاری بەسرەی باشووری عێراق دەستگیرکرا.
ماهر عامری، جێگری پارێزگاری بەسرە، رۆژی چوارشەممە 1ـی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ هێزێکی ئەمنی، بە تۆمەتی گەندەڵی، غەیس نەجم عەبید، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای باشووریان لە بەسرە دەستگیر کرد".
رۆژی 28ـی حوزەیرانی 2026 عەلی سەعدی وەهیب، وەزیری کارەبای عێراق بە فەرمانێکی وەزاری بڕیاریدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر سەرجەم کارەکانی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای باشوور پێکبهێنرێت، بۆ ماوەی 60 رۆژیش غەیس نەجم عەبید-ی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەکان "بە پاک و بێگەرد"ی بەڕێوەبچن.
هەر هەمان رۆژ بە فەرمانێکی وەزاری کە واژۆی عومەر سەلیم ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی لە وەزارەتی کارەبای عێراق لەسەرە وەزارەتی کارەبا هەر یەک لە یاسین عەبدولواحید یاسین، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای بەسرە و جێگرەکەی، هەروەها مازن مەزڵووم محەممەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای باکووری بەسرە و جێگرەکەی لە کارەکانیان دوورخرانەوە. جگە لەوان، 15 لێپرسراوی دیکەی بەشەکانی فرۆشتن، وردبینی، ژمێریاری، کۆگەکان و بەشی یاسایی لەکار لادراون.
ئەو بەڵگەنامانەی وەزارەتی کارەبا دەست رووداو کەوتوون، باس لەسەر زنجیرەیەک سەرپێچی دەکەن کە بوونەتەهۆی بەفیڕۆدانی سامانی دەوڵەت، لەوانە تۆمەتبارکردنی لێپرسراوان بە هاوکاری و رێککەوتن لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و نەخۆشخانە تایبەتەکان بۆ دەستکاریکردنی پێوەرەکانی کارەبا تاوەکو پارەی کەمتر بدەن، دەستنیشانکردنی کورتهێنان لە کۆگەکان، لەوانە ونبوونی دوو گۆڕەر (محاویلە)ی گەورە (400 کەی ڤی) لە کۆگەکانی باکووری بەسرە.
هەروەها لێپرسراوانی بەشی یاسایی تۆمەتبارکراون بەوەی سکاڵایان لەسەر ئەو کەسانە تۆمارنەکردووە کە زێدەڕۆییان کردووەتە سەر تۆڕی نیشتمانی. تۆمارکردنی وەرگرتنی پارەی قیستی کارەبا لە هاووڵاتییان بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی یاساییان هەبێت یان پارەکە بۆ دەوڵەت بگەڕێننەوە.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
