رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی "دووگی مەڕ"ـی دووپاتکردەوە و داوا لە لایەنە ئەمنییەکان دەکات رێگری لە قاچاخکردنی بکەن، بەتایبەتی لەو دەروازانەی کە دەکەونە هەرێمی کوردستانەوە.
چوارشەممە، 1-7-2026 وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی عەبدولڕەحیم جاسم شمەری، وەزیری کشتوکاڵ و پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری، کارکردن بە بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی "دووگی مەڕ" بەردەوامە.
وەزارەتی کشتوکاڵ داوا لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و لایەنە چاودێرییەکان کە رێکارەکانیان تووندتر بکەن بۆ رێگریکردن لە قاچاخکردنی ئەم مادەیە بۆ نێو وڵات، ئەوەش "لەپێناو پاراستنی ئاسایشی خۆراک و تەندروستیی هاووڵاتییان."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستن، هەوڵێک هەیە بۆ هێنانەناوەوەی دووگی مەڕ و بەزی ئاژەڵ کە سەرچاوەکەیان ئێرانە، ئەوەش بە شێوەیەکی نایاسایی لە رێگەی چەند دەروازەیەکی سنوورییەوە، بەتایبەتی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ساخکردنەوەیان لە بازاڕە نێوخۆییەکاندا."
وەلید محەممەد رزوقی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بە رووداوی راگەیاند: "بڕیاری قەدەخەکردنەکە تازە نییە، ئەمە بەردەوامییە بەو قەدەخەکردنە."
وەزارەتی کشتوکاڵ جەختی لە گرنگیی هەماهەنگیی نێوان لایەنە ئەمنی و گومرگییەکان کردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە هاتنی ئەو ماددانە و داوای کردووە رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە دەستیان لە قاچاخچێتی و بازرگانیی نایاسایی دا هەیە.
وەزارەتی کشتوکاڵ داوای لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە پشکنینەکانیان لە دەروازە سنوورییەکان و بازاڕەکاندا زیاد بکەن، بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندبوون بە رێنماییەکان و پاراستنی سەلامەتیی بەرهەمە خۆراکییەکان.


