رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕینی درۆنێکی نەناسراو بەسەر کۆشکی حکومی لە ناوچەی سەوز لە بەغدا، هێزە ئەمنییەکانی خستە ئامادەباشییەوە و بە دۆشکە و موشەک رووبەڕووی بوونەوە. لە ئەنجامدا درۆنەکە خرایە خوارەوە، بەڵام یەکێک لەو موشەکانەی تەقێندرابووەوە، لە ناوچەی سەدر کەوتە خوارەوە و زیانی ماددی لێکەوتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لەو موشەکانەی هێزە ئەمنییەکان بۆ پێکانی درۆنەکە بەکاریان هێنابوو، پێنج کیلۆمەتر دوورتر لە شوێنی مەبەست و لە کەرتی یەکی ناوچەی سەدر کەوتووەتە خوارەوە. بەهۆی ئەو رووداوە زیان بە چوار خانوو و چەند ئۆتۆمبێلێکی هاووڵاتیان گەیشتووە.
دایکی وەلید، یەکێکە لەو هاووڵاتیانەی پاشماوەی موشەکەکە بەر ماڵەکەی کەوتووە، باس لەو چرکەساتە دەکات و دەڵێت: "شوشە و ئاگر لە پەنجەرەکەوە هاتنە ژوورەوە، من دانیشتبووم و شوشەکان کەوتنە سەر قەنەفەکە، فێنککەرەوەی ماڵەکەشمان تێکشکا."
عەبدوڵا عەلا، هاووڵاتییەکی دیکەی شایەتحاڵە و دەڵێت: "نازانم پڕیشک بوو یان ئاگر، بەڵام دەنگی تەقینەوەکە زۆر بەهێز بوو، هەستم کرد خانووەکە بەسەرماندا رووخا." عەلا مەسعود کە دانیشتووی هەمان ناوچەیە، ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی بەهێزیی دەنگەکەوە، سەرەتا وایانزانیوە ناوچەکە راستەوخۆ بە موشەک کراوەتە ئامانج.
دەنگی تەقینەوەکە کاژێر 02:00ـی بەرەبەیان بووە، ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لای دانیشتووانی ناوچەکە دروستکردووە. عەلاوی موحسین، نیشتەجێی ناوچەی سەدر دەڵێت: "لە ژیانماندا دەنگی وامان نەبیستووە، منداڵەکانمان لە ترسان هاواریان دەکرد."
لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان پاشماوەی درۆنە تێکشکاوەکەیان هەڵگرتووەتەوە و لێکۆڵینەوەیان بۆ دۆزینەوەی بکەرانی و ئەو لایەنەی درۆنەکەی ئاڕاستەی ناوچەی سەوز کردووە، دەستپێکردووە.

