رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق گەیشتنی 30 ئۆتۆمبێلی بۆ تیمی بەرگریی شارستانی رایگەیاند و دەڵێت، هەر پارێزگایەک سێ ئۆتۆمبێلی بەردەکەوێت.
نواس سەباح، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 5ـی تەممووزی 2026، بە رووداوی رایگەیاند: "لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستانەی کە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی بۆ نوێکردنەوەی ئۆتۆمبێل واژۆی کردوون، هەوڵ دەدەین ئۆتۆمبێلی تایبەت لە براندە جیهانییە متمانەپێکراوەکان دابین بکەین، لەوانەش کۆمپانیای (مێرسیدس)ـی ئەڵمانی و کۆمپانیا بەریتانییەکان."
نواس سەباح گوتی، 30 ئۆتۆمبێل لە جۆری مێرسیدس گەیشتوون؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی تایبەتی دروستکراوی کۆریای باشووریشیان بە دەست گەیشتووە کە توانای تانکی هەر یەکێکیان 16 هەزار لیتر ئاوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق دەڵێت: "بۆ یەکەم جارە ئەم ئۆتۆمبێلانەی وەڵامدانەوەی خێرای فریاگوزاری دەگەیێندرێنە عێراق. ئەمانە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی بچووکن و بە شێوەیەک دیزاین کراون کە پێش تیمە سەرەکییەکانی بەرگریی شارستانی دەگەنە شوێنی رووداوەکان."
بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی عێراق، دوای تەواوکردنی رێکارە کارگێڕییەکان، ئۆتۆمبێلەکان بەسەر پارێزگاکان دا دابەش دەکرێن و پشکی هەر پارێزگایەک سێ ئۆتۆمبێل دەبێت، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی شارستانی.
سەرەتای ساڵی رابردوو، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی بڵاوی کردەوە، گرێبەستیان لەگەڵ دوو کۆمپانیای بەریتانی بە ناوەکانی (Angloco) و (Emergency) کردووە بۆ هاوردەکردنی 62 ئۆتۆمبێلی تایبەت کە بە نوێترین تەکنەلۆژیا و کامێرای دۆزینەوەی سەرچاوەی ئاگر دیزاین کراون.


