رووداو دیجیتاڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رەتیدەکاتەوە کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری لقی بەرهەمە نەوتییەکان لە پارێزگای موسەننا دەرکرابێت و رایگەیاند، ئەو بەڵگەنامەیەی لەو بارەیەوە بڵاوکراوەتەوە ساختەیە. یەکشەممە، 5ـی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری روونکردنەوەیەکی لەبارەی بەڵگەنامەیەک بڵاوکردەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە لەبارەی دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کازم جابری، بەڕێوەبەری لقی موسەننای بەرهەمە نەوتییەکان. ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رەتیدەکاتەوە کە بڕیارێکی لەو جۆرە لەلایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی لە موسەننا دەرکرابێت. ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند، ئەو نووسراوەی بڵاوکراوەتەوە "ساختەیە" و هۆشداری دا لەوەی رێکاری یاسایی لە دژی ئەوانە دەگرنەبەر کە ئەو کردەوە "نایاساییانە" ئەنجام دەدەن. بەگوێرەی ئەو نووسراوەی بڵاوکرابووەوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوت لە موسەننا لەسەر بەهەدەردانی ماڵی گشتی بووە.