رووداو دیجیتاڵ گوتەبێژی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایدەگەیێنێت، لە دەروازە سنوورییەکان چاودێریی ئاسایشی ئابووری دەکەن و ئاشکرای دەکات، لە ماوەی دوو هەفتەدا دەستیان بەسەر 137 بارهەڵگردا گرتووە کە مادەی هۆشبەری تێدابووە. ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەرک و پسپۆڕیی خۆمان دەزانین و نابینە شوێنگرەوەی هیچ دەزگایەک، بەڵکو لە دەروازە سنوورییەکان چاودێریی ئاسایشی ئابووری دەکەین و دەزگاکەمان راپۆرتی تایبەتی لەبارەی دەروازەکان بەرزدەکاتەوە." لەبارەی کار و چالاکییەکانیانەوە، ئەرشەد حاکم ئاماژەی بەوەکرد، ئەفسەرەکانیان لە سەرجەم پارێزگە و بازگە سەرەکییەکان ئامادەییان هەیە. گوتیشی: "لە 20ـی حوزەیران تاوەکو 5ـی تەممووز دەستمان بەسەر 137 بارهەڵگردا گرتووە." گوتەبێژی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاشکرای کرد، لەو ماوەیەدا و لەنێو ئەو کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوانەدا، مادەی هۆشبەر هەبووە. لەبارەی چارەنووسی تۆمەتبارانیشەوە، ئەرشەد حاکم روونیکردەوە: "قاچاخچییەکانی مادەی هۆشبەر رەوانەی دادگە کراون، هاوکات لەنێو قاچاخچییە دەستگیرکراوەکانیشدا کەسانی بیانی هەن."
عێراق06-07-2026عێراق تاوتوێی پێشنیازێک دەکات بۆ ئەوەی بەرگریی ئاسمانی بە پارەی یەدەگی دراوەکەی بەهێز بکرێت