رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێ، عێراق لە خورما گەیشتووەتە قۆناخی خۆبژێوی و ژمارەی دارەکان گەیشتووەتە 22 ملیۆن. لە بەرامبەریشدا بەڕێوەبەری کشتوکاڵی خانەقین هۆشداری دەدات و دەڵێ: "بەهۆی نەخۆشی و بڕینەوەی دارەکان، ژمارەی دارخورماکانی خانەقین بۆ نیوە کەمیکردووە."
قوسەی حەتاب، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم ساڵ عێراق توانیویەتی خۆبژێوی لە خورما بەدەستبهێنێت، کە تێیدا خورمای جۆری (زەهدی) زۆرترین بڕی بەرهەمهێنانی هەبووە."
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق راشێگەیاند: "دوای ئەوەی لە ساڵی 2003دا ژمارەی دارخورماکانی عێراق بۆ 12 ملیۆن دابەزی، ئێستا بەهۆی هەوڵەکانی وەزارەتەوە ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە 22 ملیۆن. گوتیشی: "ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە بگەینەوە بەو ژمارە مێژووییەی کە عێراق پێی ناسرابوو، ئەویش 32 ملیۆن دارخورمایە."
کێشەکانی خورما لە خانەقین
کەرتی خورما لە خانەقین بەدەست چەندین گرفتەوە دەناڵێنێت. کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی خانەقین بە رووداوی راگەیاند: "خورما لە چاو ساڵانی پێشوو کەمیکردووە، بەهۆی بڕینەوەی دارەکان بۆ دروستکردنی خانوو؛ دەتوانم بڵێم رۆژانە دار دەبڕدرێتەوە و رووبەری باخەکانیش کەمیان کردووە."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی خانەقین راشیگەیاند: "پێشتر 100 هەزار دارخورما لە خانەقین هەبوون، بەڵام ئێستا تەنیا 50 هەزار ماون". هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەکەی بۆ بڵاوبوونەوەی مێرووی زیانبەخشی (دۆباس) و نەخۆشییەکانی وەک (گەنینی گوڵی خورما) گەڕاندەوە و رەخنەی لە وەزارەتی کشتوکاڵ گرت کە وەک جاران دەرمان و چارەسەری پێویست دابین ناکات، بە گوتەی کامەران عەبدوڵڵا، ئەم نەخۆشیانە زیانی بە کەرتی کشتوکاڵی خانەقین گەیاندووە.
کۆی گشتیی رووبەری کشتوکاڵی لە خانەقین و گوندەکانی دەوروبەری 2 هەزار و 800 دۆنمە، کە هەزار و 500 دۆنمی تەنیا دارخورمایە. بە گوتەی کامەران عەبدوڵڵا، بەرهەمی خورمای ئەمساڵی خانەقین لەنێوان 8 هەزار بۆ 10 هەزار تۆن بووە.
لە خانەقین هەموو جۆرە خورمایەک هەیە، بەتایبەتی (زەهدی، بەرحی، برێم، خەستاویی و خەزراویی). باخەوانەکان بۆ ئەوەی تامی خورماکانیان خۆشتر بێت، لە ژێر دارخورماکاندا جۆرەها میوەی دیکە دەچێنن.



