رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەستبەسەرداگرتنی دوو بارهەڵگری لە دەروازەی مونزریە راگەیاند؛ بارهەڵگرەکان هەوڵیان دابوو بە گۆڕینی ناوی کاڵاکانیان، خۆیان لە زیاتر لە 40 ملیۆن دینار لە باجی گومرگی بدزنەوە.
رۆژی چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، مەفرەزەکانی بەشی گەڕان و لێکۆڵینەوە لە دەروازەی مونزریەی خانەقین (کە لە دیوی ئێرانەوە بە دەروازەی خوسرەوی دەناسرێت)، دەستیان بەسەر دوو بارهەڵگردا گرتووە کە باری "کێبڵی کارەبا"یان پێ بووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو دوو بارهەڵگرە لە مامەڵە گومرگییەکاندا بارەکەیان بە ناوی "تەلی مس" تۆمار کردووە، ئەوەش بە مەبەستی خۆدزینەوە لە پێدانی باج و رسووماتی راستەقینە.
دەستەی دەروازە سنوورییەکان ئاماژەی بەوە کردووە، بەو فێڵە ویستراوە بڕی 40 ملیۆن و 509 هەزار دیناری عێراقی لە سامانی گشتی هەدەر بدرێت، بەڵام رێگرییان لێکراوە.
سەبارەت بە رێکارەکان، دەستەکە دەڵێت: "کۆنووسی یاسایی بۆ رووداوەکە رێکخراوە و بارهەڵگرەکان لەگەڵ تۆمەتبارەکان رەوانەی بنکەی پۆلیسی گومرگی مونزریە کراون، بۆ ئەوەی رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر."
ئەم هەڵمەتەی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە چوارچێوەی رێنماییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقدایە بۆ توندکردنەوەی چاودێریی دەروازەکان و رێگریکردن لە قاچاخچێتی و یاریی گومرگی، بە مەبەستی پاراستنی داهاتەکانی دەوڵەت.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

