رووداو دیجیتاڵ شۆفێرانی تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی لە مووسڵ دەڵێن، بەهۆی زۆریی رێکارە ئەمنییەکان لە بازگەی 'شەهید سەبحان'، ژیانیان لە مەترسیدایە و بۆ گەیاندنی سووتەمەنی 10 کاژێر رادەگیرێن؛ سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی پارێزگاکەش دەڵێت، ئامێرێکی دیکەی سۆنەر بۆ بازگەکە دابین کراوە. ژمارەیەک لە شۆفێرانی تانکەرەکانی گواستنەوەی بەنزین لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە نیگەرانیی خۆیان خستەڕوو و رایانگەیاند، مەودای نێوان پاڵاوگەی کار بۆ ناو شاری مووسڵ تەنیا 70 کیلۆمەترە، بەڵام بەهۆی راگرتنی بەردەوام لە بازگەی 'شەهید سەبحان'، نزیکەی 10 کاژێریان پێدەچێت تاوەکو دەگەنە شوێنی مەبەست. ئەو شۆفێرانە ئاماژە بەوە دەکەن، تەنیا لە قۆناخی پشکنینی سۆنەردا نزیکەی 8 بۆ 10 کاژێر رادەگیرێن. هەروەها دەڵێن: "لەکاتێکدا تانکەرەکانمان پڕن لە سووتەمەنی، لە نزیک شوێنی راوەستانەکەمان جووتیاران ئاگر لە زەوییە کشتوکاڵییەکان بەردەدەن، ئەمەش ترسی گڕگرتن و تەقینەوەی لای هەموومان دروست کردووە." بە گوتەی شۆفێران، لەو بازگەیەدا چەندین هێزی جیاوازی وەک (حەشدی شەعبی، ئاسایشی نیشتمانی، پۆلیسی فیدراڵی، سوپا، دژەتیرۆر و پۆلیسی نەوت و گاز) هەن و "بەردەوام ئاستەنگ بۆ رۆیشتنی بارهەڵگرەکان دروست دەکەن." محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئەوان ئاگاداری دۆخەکەن و بەدواداچوونیان بۆ کێشەی شۆفێرەکان کردووە کە سەرەڕای هەبوونی "مانیفێستی فەرمی"، هێشتا هەموویان دەخرێنە ژێر پشکنینی سۆنەرەوە. سەبارەت بە چارەسەری کێشەکە، محەممەد جاسم کاکەیی گوتی، ئامێرێکی دیکەی سۆنەر بۆ بازگەکە دابین کراوە و "تەنیا جێگیرکردنی ماوە؛ لە دوای دانانی، کارئاسانیی زیاتر بۆ شۆفێران دەکرێت و لۆدی سەر بازگەکە کەم دەبێتەوە."