رووداو دیجیتاڵ دابەشکردنی مووچەی چەند ئەندامێکی خولێکی پێشووتری پەرلەمان و پاسەوانەکانیان ماوە کە بڕیارە لە دوو رۆژدا تەواو بێت، دواتر دەست بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت. چەند پەرلەمانتارێک دەڵێن لەمەودوا دەست بە کۆکردنەوەی پارەی نەختینە دەکرێت بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی ئەو زانیارییەی رووداو لە چەند پەرلەمانتارێکی عێراقەوە وەرگرتووە، مووچەی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق رۆژی 7ـی تەممووز دابەشکراوە. دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی رایگەیاند: "تەنیا مووچەی ئەندامانی کۆمەڵەی نیشتمانی و خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراق ماوە دابەش بکرێت لە چوارچێوەی مووچەی سەرۆکایەتییەکاندا کە دوایین قۆناغی دابەشکردنی مووچەیە پێش ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان." دابەشکردنی مووچە لە عێراق لە خانەنشینانەوە دەستپێدەکات، بەڵام مووچەی ئەو پەرلەمانتارانەی خولەکانی پێشوو لەگەڵ مووچەی پەرلەمان دابەش دەکرێن. سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، دوای دابەشکردنی مووچە لە عێراق، دەست دەکرێت بە کۆکردنەوەی پارەی نەختینە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. لە 21ـی حوزەیرانەوە دابەشکردنی مووچە لە عێراق دەستیپێکردووە، مانگانە عێراق پێویستی بە زیاتر لە 7.4 تریلیۆن دینارە بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و ئەوانەی هاوکاریی تۆڕی کۆمەڵایەتی وەردەگرن. سروە محەممەد، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، بەهۆی کێشەی کەمیی پارەی نەختینەوە ئەم مانگە مووچە لە عێراق دواکەوتووە، پێشتر پەرلەمانتاران لە 27ـی هەموو مانگێک مووچەیان وەردەگرت، بەڵام ئەم مانگە نزیکەی 15 رۆژ دواکەوتووە و ئەوانەشی ماوە مووچە وەربگرن لە خولەکانی پێشوو، بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوو مووچە وەربگرن. مانگانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابەش بکات. سروە محەممەد رایگەیاند: "بۆ پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دەست دەکرێت بە کۆکردنەوەی پارەی نەختینە تاوەکو رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت."