رووداو دیجیتاڵ
کوێت پێنج ماسیگری عێراقی رادەست کردەوە، کە چوار رۆژ لەمەوبەر لەلایەن پاسەوانی دەریایی کوێتەوە دەستگیرکرابوون. یەکێک لە راوچییەکانیش لە کاتی هەوڵی دەستگیرکردنیان، کوژرا.
خالید سەعالیبی، سەرۆکی دامەزراوەی دەریاوانانی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: شەوی پێنجشەممە لایەنی کوێتی ئەو ماسیگرانەی رادەست کردووەتەوە، یەکێکیان بەهۆی تەقەی هێزی پاسەوانی دەریایی کوێتەوە گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەشیان بریندار بووە.
ئەو ماسیگرانە 6ی تەمووزی 2026 لەلایەن پاسەوانی دەریایی کوێتەوە لە ئاوی هاوبەشی نێوانیان لە ئوم قەسر دەستگیرکرابوون.
بەگوتەی خالید سەعالیبی، ماسیگرەکان لە سنووری ئاوی عێراق لە خوڕ عەبدوڵڵا تەقەیان لێکراوە و دەستگیرکراون کە سەرجەمیان خەڵکی بەسرە بوون، بڕیارە رۆژی هەینی رێپێوانێک بۆ ناڕەزایەتی لەدژی هێرشکردنە سەر ئەو ماسیگرانە بکرێت.
پێنجشەممە 9ی تەمووز، ئەو کاتەی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەردانێک لە کوێت بوو، رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی کوێت رەزامەندییان لەسەر ئازادکردنی ئەو ماسیگرە عێراقییانە نیشانداوە و لەگەڵ پارێزگاری بەسرە دەگەڕێنەوە.




