رووداو دیجیتاڵ
رێباز حەملان و دوو بەربژێری حکومەتی عێراق کە پەرلەمان متمانەی پێنەدان، لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەن؛ سکاڵاکانیان لەبارەی نادروستیی رێکارەکانی رەتکردنەوەیانە.
بە گوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، یەکشەممە، 12ی تەمووز یەکەم دانیشتنی تایبەت بە تاوتوێکردنی ئەو سکاڵایانە دەکرێت، کە لە دژی سەرۆکی پەرلەمان پێشکێشیان کردووە، لەدوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی 15ی ئایاری پەرلەمان دا متمانەیان پێنەدرا.
سکاڵایەکیان لەلایەن رێباز حەملان، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن تۆمارکراوە، کە تێیدا داوای لە دادگە کردووە رێکارەکانی دەنگدان پێی و ئەو ئەنجامانەی لەلایەن پەرلەمانەوە راگەیێنراون بە نادروست دابنرێن و دەنگدان بەو بەربژێرە لەناو پەرلەمان بدرێتەوە؛ هەروەها داوای کردووە تۆماری تەواوی کۆبوونەوەی پەرلەمانیان پێبدرێت، کە تێیدا دەنگدانەکە کراوە.
14ی ئایار دەنگ لەسەر 14 بەربژێری کابینەی حکومەت درا، بەربژێری نۆ وەزارەت مابوون کە بەگوێرەی پەرلەمانی عێراق، بەربژێری چوار وەزارەتیان لە دەنگداندا رەتکرانەوە و متمانەیان وەرنەگرتووە.
سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تێبینییان لەسەر شێوازی دەنگدان بەو بەربژێرانە هەیە و لەسەر بنەمای ئەو سکاڵایانە، دیمەنی کاتی دەنگدانەکە دەنێردرێت بۆ دادگەی فیدراڵی.
عامر خوزاعی، کە لە هەمان دانیشتندا وەک بەربژێری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رەتکرایەوە، یەکێکی دیکەیە لە سکاڵاکاران.
خوزاعی کە لەسەر پشکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بوو، لە سکاڵاکەدا داوای کردووە رێکارەکانی دەنگدان پێی لە پەرلەمان بە نادروست دابنێت.
سکاڵای سێیەم لەلایەن قاسم عەتا، بەربژێری پۆستی وەزارەتی ناوخۆ تۆمارکراوە، کە لەکاتی دەنگدان بە متمانەدان پێی، وەک رەتکراوە رانەگەیێنرا، بەڵام پەسەندیش نەکرا.
قاسم عەتا، کە لەسەر پشکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەربژێر بوو، لە سکاڵاکەیدا داوای کردووە رێکارەکانی دەنگدان پێی لە دانیشتنەکەی پەرلەمان بە دروست بناسێنرێت، بەوەی رێژەی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران تەواو بووە و دەنگی پێویستیشی بەدەست هێناوە بۆ متمانە وەرگرتن.



