رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق رێکارەکانی دامەزراندنی کۆلێژی نوێی ئەهلی راگرت و لیژنەیەکی بۆ وردبینی لە دۆسیەی ئەو زانکۆ ئەهلییانە پێکهێنا، کە پێشتر مۆڵەتیان پێدراوە.
هەینی، 10ی تەمووزی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق روونکردنەوەیەکی لەبارەی بڕیارەکە بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی روونکردنەوەکە، ئەو بڕیارە لە پەرۆشیی وەزارەتەکە بووە بۆ رێکارە یاسایی و ئەکادیمییەکانى پەیوەندیدار بە دامەزراندنی کۆلێژی ئەهلی، بەتایبەت کۆلێژە پزیشکییەکان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاندووە عەبدولحوسێن موسەوی، وەزیری خوێندنی باڵا، فەرمانی داوە بەوەی هیچ داواکارییەکی نوێی دامەزراندنی زانکۆی ئەهلی وەرنەگیرێت و دەست بکرێت بە هەڵسەنگاندنی گشتی بۆ ئەو مۆڵەتانەی پێش ئەوەی ئەو وەزارەتە وەربگرێت دراون بۆ دامەزراندنی ئەو زانکۆیانە، ئەمەش دوای ئەوەی لیژنەکانی وردبینی و لێکۆڵینەوە راپۆرتیان خستووەتەڕوو کە پێشێلکاری لە هەندێکیان دا کراوە.
ئەنجوومەنی خوێندنی ئەهلیی زانکۆیی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق، لە 7ی تەمووزی 2026 بڕیاری دا کە لیژنەیەک پێکبهێنێت لەبارەی ئەو مۆڵەتانەی پێشتر دراونەتە سێ کۆلێژی پزیشکی، بۆ ئەوەی بزانرێت تاوەکو چەند هاوتان لەگەڵ یاسا و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
رۆژی 9ی تەمووز، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی فەرمانێکی وەزاریی دەرکردووە بۆ ئەوەی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتیی سەفا عیساوی، سەرۆکی زانکۆی موستەنسریە پێکبهێنرێت لەبارەی رێکارەکانی پێدانی مۆڵەت بە زانکۆ ئەهلییەکان.



