رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری نەجەف رایگەیاند، ژێرخانی پارێزگاکە گەشەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و کار بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی سنووری لەگەڵ سعودیە دەکەن. دەشڵیت، سەرجەم کێشە و سەرپێچییەکانی فڕۆکەخانەی نەجەف چارەسەر کراون.
یوسف گەنناوی، پارێزگاری نەجەف، رۆژی یەکشەممە 12ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشبینی دەکەین هەفتەی داهاتوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف مۆڵەتی فەرمی لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی وەربگرێت، ئەوەش دوای ئەوەی توانیومانە هەموو ئەو 74 سەرپێچییەی لەسەری تۆمار کرابوون، بەتەواوی چارەسەر بکەین."
سەبارەت بە پەیوەندییە بازرگانییەکان و کردنەوەی دەروازەی نوێ، پارێزگاری نەجەف گوتی، "دوای وەرگرتنی رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێستا کار بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی سنووری لەگەڵ سعودیە دەکەین و چاوەڕێی رەزامەندیی لایەنی سعودین."
دەروازەی (عەرعەر) تاکە دەروازەی نێوان عێراق و سعودیەیە، کە ساڵانە لە وەرزی حەجدا بۆ گواستنەوەی حاجیان و عومرەکاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەکاردێت، هەروەها دەروازەی (جومەیمە) لە پارێزگای موسەننا وەک دووەم دەروازەی سنووریی نێوان هەردوو وڵات دادەنرێت.
یوسف گەنناوی تیشکی خستە سەر کەرتی وزە لە پارێزگاکە و گوتی، "سێ کێڵگەی نەوتی لە نەجەف هەن؛ لە کێڵگەی (قەرنەین) دوو بیر لێدراون کە یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی نەوت، هەروەها ئەگەری بوونی گازی سروشتیش لەو کێڵگەیەدا هەیە."
پارێزگاری نەجەف پێیوایە کردنەوەی دەروازە سنوورییە نوێیەکە و پەرەپێدانی پڕۆژە نەوتییەکان، رۆڵێکی گەورەیان دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتی پارێزگاکە و رەخساندنی هەلی کار.
گەشتیاری ئایینی کۆڵەکەی سەرەکی ئابووری پارێزگای نەجەفە، بەهۆی هاتنی ملیۆنان زیارەتکارەوە بۆی.
بەهۆی تێپەڕبوونی رووباری فوڕات بە نەجەفدا لە رووی کشتوکاڵییەوە زۆر دەوڵەمەندە و بە چاندنی برنجی عەنبەر و گەنم و جۆ بەناوبانگە.
هەروەها بوونی مەزارگەی ئیمامی عەلی کوڕی ئەبو تالیب کە ساڵانە ملیۆنان کەسی شیعە مەزهەب رووی تێدەکەن.
گۆڕستانی وادی سەلام کە بە گەورەترین گۆڕستانی جیهان دادەنرێت و مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە دەکەوێتە ئەم پارێزگایە.
.jpg&w=3840&q=75)
