رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەسەر بانگهێشتی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، لە بەغدا بەشداریی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانییەکەدا کرد و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەی شەوی یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، "بارودۆخی گشتیی عێراق و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران."
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا؛ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بیروڕایان لەبارەی بەرنامەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن گۆڕیوەتەوە و "جەختیان لەسەر گرنگیی سەردانەکە لە بەرژەوەندیی عێراق و بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیدا کردەوە."
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و گرژییەکان، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا داکۆکی لە پێشخستنی زمانی گفتوگۆ و لێکگەیشتن، هەروەها رەتکردنەوەی شەڕ و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە کراوە. هاوکات "ئامادەیی عێراق نیشان درا بۆ ئەوەی ببێتە ناوچەی بەیەکگەیشتن و پەرەپێدانی بەرژەوەندییەکانی گەلانی ناوچەکە."


