رووداو دیجیتاڵ ئاژانسێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە هاوکاریی دوو وەزارەتی عێراق، لە ساڵی نوێوە پڕۆژەیەک بۆ ئاوەدانکردنەوەی قەزای شنگال جێبەجێ دەکات؛ یەکێک لە ئامانجەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکانە کە زیاتر لە 20 هەزاریان ماون. عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتەکەی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان بەشدار دەبێت لە پڕۆژەیەکی ئاژانسی گەشەپێدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) بۆ وەبەرهێنانەوە لە قەزای شنگال کە هەموو کەرتەکان دەگرێتەوە، لەوانە وەبەرهێنانی مرۆیی و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ شیاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئەو قەزایە. ساڵی 2014 شنگال لەلایەن رێکخراوی داعشەوە داگیرکرا و بەهۆیەوە زۆرینەی دانیشتووانەکەی ئاوارە بوون و بەشی هەرە زۆری شارەکە وێران بوو، لە ساڵی 2015 پێشمەرگە لە دەستی داعشی دەرهێنا. عەلی جەهانگیر رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2027ـەوە دەست بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە دەکرێت کە رێخۆشکەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان. بەهۆی دۆخی شنگالەوە هێشتا بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی نەگەڕاونەتەوە؛ خراپیی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری و دۆخی ئەمنی لە هۆکارەکانی نەگەڕانەوەی ئاوارەکانن، کە زۆرینەیان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن. گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، 22 هەزار خێزانی ئاوارەی شنگال لە هەرێمی کوردستان ماون، کە زیاتر لە 19 هەزار خێزان لەناو کەمپەکان و ئەوانی دیکەیان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.