رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق نیگەرانی لەبارەی بەردەوامیی گرژی و پەرەسەندنەکان لە ناوچەکە دەربڕی و راگەیاند، ئەو دۆخانە کار دەکەنە سەر ئاسایشی دەریاوانی لە ناوچەکە و ئەگەر هەیە لێکەوتەکانی ببنە هۆی کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەیی و جووڵەی بازرگانیی نێودەوڵەتی. وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بە گرنگیی پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتان و دراوسێیەتیی باش و دوورکەوتنەوە لە هەر رێکارێک کە ببێتە هۆی پەرەپێدانی گرژییەکان یان زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەلامەتیی دەریاوانی. ئەو وەزارەتە بە پێویستی زانی رێز لە سەروەریی دەوڵەتان بگیرێت و دەستوەرنەدرێت لە ئاسایش و سەقامگیرییان، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە چەسپاندنی ئاسایشی ناوچەیی و بەهێزکردنی متمانەی نێوان وڵاتانی ناوچەکە. ئەو هەڵوێستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هاوکات بوو لەگەڵ روودانی هێرش و ھێرشی پێچەوانە لەنێوان سوپای ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێرشکردنە سەر هەندێک لە وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە.
عێراق13-07-2026نەتەوە یەکگرتووەکان و دوو وەزارەتی عێراق پڕۆژەیەک بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال جێبەجێ دەکەن