رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەیاندنی عێراق بریاری دا بە داخستنی هەموو پلاتفۆرمەکانی گرەوکردن و قوماری ئەلیکترۆنی. هاوکات، پاش نزیکەی دوو ساڵ لە قەدەخەکردنی، گەورەترین ماڵپەری زانیاریی فیلم لە جیهان (IMDb) بۆ بەکارهێنەرانی عێراق کرایەوە، بۆ پشووی هاوینیش قەدەخەی سەر یاریی (رۆبلۆکس) لە عێراق هەڵدەگیرێت.
رۆژی دووشەممە، 13ی تەممووزی 2026 مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە ئابوورییەکان، بریاریان داوە سەرجەم سایت و پلاتفۆرمەکانی تایبەت بە قوماری ئەلیکترۆنی و گرەوکردن قەدەخە بکەن.
وەزیری گەیاندنی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەم جۆرە پلاتفۆرمانە دەبنە هۆی "گیرۆدەبوونی دیجیتاڵی" و بەهەدەردانی دارایی، ئەمەش بە گوتەی ئەو "هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیریی کۆمەڵگە."
هەر لەو راگەیێندراوەدا، وەزیری گەیاندنی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە بریاریان داوە قەدەخە لەسەر ماڵپەری جیهانیی (IMDb) لابدەن. ئەم بڕیارە پاش ئەوە دێت کە ماڵپەرەکە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2024ـەوە لە عێراق داخرابوو.
لەو کاتەدا، وەزارەتی گەیاندن پاساوی داخستنی ماڵپەرەکەی بۆ هەبوونی "ناوەڕۆکی ئاست نزم و نائەخلاقی" گەڕاندبووەوە، کە ئەمەش شەپۆلێکی تووندی ناڕەزایەتیی سینەماکاران، رەخنەگران و رۆژنامەنووسانی لێکەوتەوە. رەخنەگران پێیانوابوو IMDb بنکەیەکی زانیاریی مەعریفییە نەک ماڵپەرێک بۆ پەخشکردنی فیلمی ئابڕووبەر.
وەزارەتی گەیاندنی عێراق دەڵێت، هەوڵەکانی چاودێری و فلتەرکردنی دیجیتاڵی زیاتر بەرەو پلاتفۆرمەکانی گرەوکردن و قوماری ئەلیکترۆنی ئاراستە دەکەن کە بە کردەیی زیان بە سامانی گشتی و بەها کۆمەڵایەتییەکان دەگەیێنن.
رۆژی یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، وەزیری گەیاندنی عێراق بریاری دا قەدەخەی سەر یاریی (روبلۆکس) هەڵبگرێت، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە دەبێت یارییەکە لەژێر چاودێرییەکی توونددا بێت و تایبەتمەندیی گفتوگۆ (Chat) بۆ منداڵان رابگیرێت.
ئەم بریارە لە رۆژی دووشەممەوە، 13ـی تەممووز چووە بواری جێبەجێکردنەوە و تایبەتە بە ماوەی پشووەکانی هاوین.
پێشتر لە 19ی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی گەیاندنی عێراق بە فەرمی و بە پشتبەستن بە بریارەکانی دادگەی فیدراڵی، یاریی رۆبلۆکسی لە سەرانسەری عێراقدا قەدەخە کردبوو. لەو کاتەدا وەزارەت هۆکاری قەدەخەکردنەکەی بۆ "پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بەها رەوشتی و پەروەردەییەکانی خێزان و منداڵ" گەڕاندبووەوە.
وەزارەتی گەیاندن لە کاتی قەدەخەکردنی یارییەکەدا ئاماژەی بە چەند مەترسییەک کردبوو، لەوانە:
- هەبوونی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان بەکارهێنەران کە منداڵان و مێرمنداڵان رووبەڕووی هەڕەشە و راوکردنی ئەلیکترۆنی (Blackmail) دەکاتەوە.
- بوونی دیمەن و رەفتارێک کە لەگەڵ دابونەریتی کۆمەڵگە ناگونجێن.
- بەکارهێنانی وشەی نەشیاو و سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان.
- دروستبوونی گیرۆدەبوونی دیجیتاڵی و دابڕانی کۆمەڵایەتی لەنێوان منداڵاندا.
یاریی رۆبلۆکس یەکێکە لە پڕبەکارهێنەرترین یارییەکان لە جیهاندا، رۆژانە نزیکەی 82 ملیۆن کەس ئەو یارییە دەکەن، کە زیاتر لە نیوەیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییەوەیە. چەندین وڵات پێشتر کۆمپانیای بەرهەمهێنەری رۆبلۆکسیان تۆمەتبار کردووە بەوەی کە کەمتەرخەم بووە لە دابینکردنی رێکارە پێویستەکانی سەلامەتی بۆ پاراستنی منداڵان لە ناو پلاتفۆرمەکەیدا.



