رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە هەوڵێکی قاچاخچێتی لەڕێگەی تانکەرێکی نەوتەوە بۆ نێو خاکی سووریا، سەردانی دەروازەی سنووریی وەلیدی کرد و رایگەیاند، هەر کەسێک تێوەگلابێت رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەکە، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی مەیدانی گەیشتە دەروازەی سنووریی وەلید. ئەم سەردانە دوای ئەوە هات کە دەسەڵاتدارانی گومرگی سووریا رایانگەیاندبوو هەوڵێکی قاچاخچێتییان لەنێو تانکەرێکی گواستنەوەی نەوتدا پووچەڵکردووەتەوە کە بەرەو شاری بانیاس لە ناو خاکی سووریا بەڕێوەبووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، عومەر وائیلی لەگەڵ گەیشتنی بۆ دەروازەکە، دەستی کردووە بە وردبینیکردنی رێکارە ئەمنی و تەکنیکییەکان بۆ دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان، تاوەکو "رێکاری یاسایی تووند" بەرامبەر هەر کەسێک بگیرێتەبەر کە سەلمێندراوە کەمتەرخەم بووە یان تێوەگلاوە.
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان رایگەیاندووە، "دەروازە سنوورییەکان هێڵی یەکەمی بەرگریی ئاسایشی عێراقن" و پێویستە ئاستی چاودێری و هەوڵە هەواڵگری و تەکنیکییەکان تێیاندا بەرز بکرێتەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، "نابێت هیچ کەمتەرخەمییەک بەرامبەر هەوڵەکانی قاچاخچێتی بکرێت، چونکە ئامانج لە دەروازەکان کرانەوەی ئابوورییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو وڵات بگەیێنێت."
عومەر وائیلی باسی لەوە کردووە، دەستەکەیان بەردەوامە لە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ تووندوتۆڵکردنی دەروازەکان و "رێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەک کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی بکات."
سەبارەت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی سووریا، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق گوتوویەتی، "پێویستە لەڕێگەی ئەفسەرانی بەشی پەیوەندییەوە هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ دەروازە سنوورییەکانی سووریا هەبێت بۆ دەستگیرکردنی ئەو شۆفێرە عێراقی یان سووریانەی کاری قاچاخچێتی دەکەن، نەک ئازادکردنیان بەبێ هاوئاهەنگی، بەتایبەت کە رۆژانە نزیکەی 2000 تانکەر لەو دەروازەیەوە هاتووچۆ دەکەن."
ئەم رێکارانەی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دوای ئەوە دێن، رۆژی پێنجشەممە 16-07-2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەی بڵاویکردەوە، لە دەروازەی سنووریی تەنەف (بەرامبەر دەروازەی وەلیدی پارێزگای ئەنبار)، دەستیان بەسەر تانکەرێکی نەوتدا گرتووە کە "بڕێکی زۆر" لە چەکی جۆراوجۆر، مووشەکی پێشکەوتوو و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تێدا شاردرابووەوە.
بەگوتەی سەرچاوە سوورییەکە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە بارەکە لە عێراقەوە رەوانە کراوە و ئامانج لێی گەیاندنی بووە بە حیزبوڵڵای لوبنانی.
عێراق و سووریا سنوورێکی هاوبەشیان بە درێژایی 618 کیلۆمەتر هەیە و دەروازەی وەلیدیش یەکێکە لە خاڵە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گواستنەوەی سووتەمەنی.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)
