رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لووتکەی بازرگانیی عێراق-ئەمریکا لە واشنتن جەخت لە بەهێزیی هاوبەشیی ئابووری لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکاتەوە و رادەگەیێنێت، عێراق دەیەوێت سامانی سروشتیی وڵاتەکە بکاتە دەرفەتی کار بۆ گەنجان.
رۆژی هەینی، 17-07-2026، عەلی فالح زەیدی، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، بەشداریی لە کۆنفرانسێکی فراوانی کاردا کرد کە لەلایەن ژووری بازرگانیی ئەمریکاوە رێکخرابوو. لە کۆنفرانسەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانان، نوێنەرانی کۆمپانیاکان، بانکەکان و دامەزراوە دارایی و وەبەرهێنانەکان ئامادە بوون.
زەیدی لە گوتارێکدا لە دەستپێکی کۆنفرانسەکە کە تیمی رۆژنامەڤانیی تۆڕی میدیایی رووداو تێیدا بەشدار بوو، جەختی لە گرنگیی دیالۆگ و هاوکاری لەگەڵ ژووری بازرگانیی ئەمریکا کردەوە و گوتی، "ئەم ناوەندە شوێنی دروستکردنی بڕیاری ئابوورییە." ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتەکەی سوورە لەسەر خستنەڕووی هەلە گەورەکانی وەبەرهێنان کە ئێستا لە گۆڕەپانی عێراقدا لە هەموو کەرتەکاندا فەراهەم کراون.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، عەلی زەیدی لە کۆنفرانسەکەدا دیدگەی نوێی وڵاتەکەی بۆ هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان خستەڕوو و رایگەیاند، "ئابووریی عێراق ئەمڕۆ بەدوای هاوبەشدا دەگەڕێت بۆ گەشەپێدان و پەرەپێدان، نەک تەنیا وەک بەڵێندەرێک بۆ جێبەجێکردن یان دابینکردنی پێداویستی." باسی لەوەش کرد، ئامانجی سەرەکییان گۆڕینی سامانە سروشتی و کانزاییەکانی عێراقە بۆ پڕۆژەی وا کە هەلی کار بڕەخسێنن و گەشەی ئابووری بەهێز بکەن.
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، نوێنەرانی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا ئارەزووی خۆیان بۆ "هاوبەشییەکی کارا" لەگەڵ عێراق نیشانداوە و ئاماژەیان بەوە کردووە، "هەنگاوە روونەکانی حکومەتی عێراق لە چاکسازیی دامەزراوەیی، دارایی و بانکی، ژینگەیەکی لەبار و کراوەی بۆ کارکردنی کۆمپانیا جیهانییەکان لەسەر ئاستی گەورە رەخساندووە."
رۆژی 13ـی تەممووز، عەلی فالح زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رۆژی دواتر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
عەلی جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەشدارە لەگەڵ ئەو شاندەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە سەردانی ئەمریکای کردووە.
.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
