رووداو دیجیتاڵ
نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق رایدەگەیێنێت، واشنتن بە تەواوی پشتگیری لە کابینەکەی عەلی زەیدی دەکات و کار بۆ "پڕۆژەیەکی گەورە"ی گواستنەوەی وزە دەکەن کە وڵاتانی ناوچەکە دەبەستێتەوە و گرنگیی ستراتیژیی تەنگەی هورمز کەمدەکاتەوە.
رۆژی هەینی، لە لووتکەی باڵای بازرگانی عێراق و ئەمریکا لە واشنتن، تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "کەرتی پیشەسازی و بازرگانی پێشەنگی گەشەپێدانن و ئێستا دیپلۆماسی و تەنانەت دەوڵەتە نەتەوەکانیش لەبەردەم ئەم رۆڵەدا پاشەکشەیان کردووە."
تۆم باراک ستایشی تواناکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد و گوتی، "سەرۆکوەزیران توانای ئەوەی هەیە قۆناخی داهاتوو بگۆڕێت بۆ هاوپەیمانییەکی نوێ کە لەسەر بنەمای ئاسایش و هاوبەشی بنیات بنرێت. ئێمە زۆر دڵخۆشین کە دەتوانین لە هەموو ئاستەکاندا پشتگیریی خۆمان بۆ ئەو و تیمەکەی دەربڕین."
نێردەی سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە کار لەسەر پڕۆژەیەکی ستراتیژی دەکرێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ (عێراق، سووریا، ئوردن، تورکیا، لوبنان و میسر) کە دەبێتە هۆی ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵ دا تەنگەی هورمز "گرنگییەکی ئەوتۆ"ی نەمێنێت. ئەوەش لەڕێگەی گۆڕینی مۆدێلی گواستنەوەی دەریایی لە رێڕەوە تەسکەکانەوە بۆ رێڕەوی وشکانی و جێگرەوە کە پشت بە پرەنسیپی "گەیاندنی پارێزراو" دەبەستێت.
تۆم باراک ئاماژەی بە پڕۆژەی "رێڕەوی ناوەڕاست" کرد کە لە تورکیاوە دەستپێدەکات و بە ئازەربایجان و تورکمانستان دا تێدەپەڕێت تاوەکو دەگاتە ئاسیای نێوەڕاست. گوتی، "ئەمە رێگە خۆش دەکات بۆ گواستنەوەی بڕێکی زۆر لە گازی سروشتی بۆ ئەورووپا."
سەبارەت بە گۆڕانکارییە سیاسییەکان، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق رەخنەی لە سیاسەتە جیهانییەکانی رابردوو گرت و گوتی، "هەوڵەکان بۆ گۆڕینی رژێمەکان لە ناوچەکەدا لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە سەرکەوتوو نەبوون. وانەی سەرەکی ئەوەیە کە ناوچەکە پێویستی بە سەرکردەی بەهێز، روون و شەفاف هەیە کە بتوانن گۆڕانکارییەکان بەڕێوەببەن، نەک دەستوەردانی سەربازی."
تۆم باراک باسی لەوەش کرد کە ئالنگاریی گەورەی بەردەم سەرۆکوەزیرانی عێراق بریتییە لە یەکخستنی "هەمەجۆریی هۆزایەتی، ئایینی و کولتووری" لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی شەفاف دا کە سەروەریی یاسا و پێکەوەژیانی تێدا بچەسپێت.
گوتەکانی تۆم باراک لە لووتکەی باڵای بازرگانی عێراق و ئەمریکا بوون لە واشنتن. عەلی زەیدی گوتاری یەکەمی لە کۆنفرانسەکەدا پێشکێش کرد کە تیمی رۆژنامەڤانیی تۆڕی میدیایی رووداویش تێیدا بەشدارە.
رۆژی 13ی تەممووز، عەلی فالح زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و رۆژى دواتر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
عەلی جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەشدارە لەگەڵ ئەو شاندەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە سەردانی ئەمریکای کردووە.
.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
