رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی حەسمی نیشتمانی، ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لە دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سابت عەباسی، سەرۆکی هاوپەیمانییەکەیان دەکەن و رایگەیاند، ئەمە هەڵمەتێکی "چەواشەکارییە" بۆ شێواندنی راستییەکان.
دووشەممە 20-07-2026 هاوپەیمانییەکە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بە هەموو شێوەیەک ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە باس لە دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی هاوپەیمانیی حەسم دەکەن. ئەم هەواڵانە هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە راستییەوە."
هاوپەیمانیی حەسم، کە یەکێکە لەهێزەکانی عەرەبی سوننە ئاماژەی بەوە کردووە، بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە لە چوارچێوەی "هەڵمەتی چەواشەکاری و ناوزڕاندن"ـدایە، کە ئامانج لێی شێواندنی راستییەکان و تێکدانی رای گشتییە.
هاوپەیمانییەکە پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ دەسەڵاتی دادوەری و حکومەت لە پرسی لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران و چەسپاندنی سەروەریی یاسا نیشانداوەو دەڵێت: "نابێت هیچ چاوپۆشییەک لە تێوەگلاوانی دۆسیەکانی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی بکرێت، جا لە هەر پلە و پۆستێکدا بن."
هاوپەیمانیی حەسم هۆشداریی دایە ئەو لایەنانەی دەنگۆکە بڵاودەکەنەوە و رایگەیاند: "مافی یاسایی خۆمان دەپارێزین و رێکاری یاسایی دەگرینەبەر بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک کە بەشداریی بکات لە بڵاوکردنەوەی ئەم پڕوپاگەندانە."


.jpg&w=3840&q=75)