رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی هەڵکوتانە سەر ماڵ و بارەگاکانی حیزبەکەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە، سەرۆکی بزووتنەوەی سۆمەریون دەڵێت: فەرمانی دەستگیرکردنی دەرنەکراوە و بابەتەکە پەیوەندی بە کەسێکی نزیکییەوە هەبووە.
ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکی بزووتنەوەی سۆمەریون و وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەبارەی هەڵکوتانە سەر بارەگاکانی حیزبەکەی و هەوڵی دەستگیرکردنی بڵاوبوونەتەوە و رایگەیاندووە: لە چەند رۆژی رابردوودا هەڵمەتێکی میدیایی و "هەوڵی لەکەدارکردن" لە دژی ئەو دەستیپێکردووە. روونیکردەوە کە لەو کاتەی ئەو بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی وڵات بووە، یەکێک لە کەسە نزیکەکانی سەرپێچیی یاسایی کردووە.
ئەحمەد ئەسەدی دەڵێت: "لەو کاتەی لە دەرەوەی وڵات بووم، رەفتارێک لەلایەن یەکێک لە کەسە نزیکەکانمەوە کرا کە گومانی هەبوونی سەرپێچیی یاسایی دروستکرد، هەر بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەکان و دادگە رێکاری یاساییان گرتەبەر."
سەرۆکی بزووتنەوەی سۆمەریون لە پەیامەکەدا رایگەیاندووە: "بڕیارم دا بێدەنگ بم بۆ رێزگرتن لە بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکان و بۆ ئەوەی هیچ لێکدانەوەیەک نەکرێت کە گوایە دەمەوێت کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی دادگە دروست بکەم. من باوەڕم وایە کە دەبێت راستی پێش قسەکردن بکەوێت." ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر لە سەرەتاوە هەموو ئۆفیس و بارەگاکانی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووەتەوە.
ئەحمەد ئەسەدی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە هەبوونی فەرمانی دەستگیرکردنی دەکەن و دەڵێت: ئەو لەلایەن دادگەوە داواکراو نییە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرنەچووە.
لە قسەکانی ئەسەدیدا دەردەکەوێت کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی هەڵکوتانە سەر یەکێک لە بارەگاکانی دەستیان بەسەر پارەدا گرتووە، بەڵام دەڵێت: ئەو پارانەی کە دۆزراونەتەوە، "بڕەکەی زۆر کەمترە لەوەی باس دەکرێت و هەمووی پارەی یاسایین و بەڵگەی فەرمییان لەسەرە."
ئەسەدی پێش ئەوەی سەرۆکایەتی بزووتنەوەی سۆمەریون بکات، لە ساڵی 2014 فەرماندەیی گرووپی (جوندولئیمام) بوو، وەک هێزێکی چەکدار بۆ شەڕی داعش دامەزرا، کە دواتر بووە لیوای شەش لە حەشدی شەعبی. لە 2019 ئەسەدی (هاوپەیمانیی سەنەدی نیشتمانی) دامەزراند کە چەند هێزێکی سیاسی و گرووپێکی حەشدی لەخۆ دەگرت.
لە 2020 دا ئەحمەد ئەسەدی بزووتنەوەی سۆمەریونی دامەزراند و لە هەمان ساڵدا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا تۆمار کرا.
.jpg&w=3840&q=75)

