رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، زنجیرەیەک رێکاری بۆ پاراستنی کرێکاران لە شەپۆلەکانی گەرما راگەیاند و داوا لە خاوەنکاران دەکات، لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمادا لە نیوەڕۆدا، کارکردن لەو شوێنانە رابگیرێت لەژێر تیشکی خۆردان.
موشریق عەبدولخالق، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی نیشتمانی بۆ تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی یاسای کار، خاوەنکار پابەند کراوە بە دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی سەلامەتیی پیشەیی و بەرپرسیارە لە هەر رووداو و پێکانێک کە بەهۆی کارەوە رووبەڕووی کرێکاران دەبێتەوە.
سەبارەت بە رێکارە مەیدانییەکان، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی نیشتمانی رایگەیاند، ساڵانە لە وەرزی هاویندا "هەڵمەتی هۆشیاری و پشکنینی ورد" بۆ شوێنەکانی کار دەکەین، بەتایبەت ئەو شوێنانەی کرێکاران تێیدا راستەوخۆ لەژێر تیشکی خۆردان.
مەشرق عەبدولخالق گوتی، "خاوەنکاران ناچار دەکرێن کارکردن لە کاتەکانی لووتکەی گەرمادا رابگرن. هەروەها پێویستە ئاوی خواردنەوە و کڵاوی پارێزەر دابین بکەن و سیستمی کارکردن بە شێوەی وەجبە بێت، تاوەکو کرێکاران کەمترین کات لەژێر تیشکی خۆردا بمێننەوە."
بەرپرسەکەی وەزارەتی کار باسی لەوە کرد کە "هیچ چاوپۆشییەک لەو خاوەنکارانە ناکرێت کە ژینگەیەکی سەلامەت بۆ کرێکارەکانیان دابین ناکەن."
ئەو سزایانەی رووبەڕووی خاوەنکارە سەرپێچیکارەکان دەبنەوە بریتین لە:
- ئاراستەکردنی ئاگادارکردنەوەی فەرمی.
- رەوانەکردنی خاوەنکار بۆ دادگەکانی کار.
- داخستنی پڕۆژەکە لە حاڵەتی بەردەوامبوون لە سەرپێچی.
- سەپاندنی سزای دارایی قورس.
ئەم رێکارانەی وەزارەتی کار لە کاتێکدایە، کە ساڵانە لە وەرزی هاویندا پلەکانی گەرما لە عێراق 50 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنن، ئەوەش مەترسیی بۆ سەر ژیانی کرێکاران دروست دەکات.
بەپێی ئاماری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی عێراق، نزیکەی 15 ملیۆن کرێکار لە عێراق هەن، کە زیاتر لە یەک ملیۆنیان بیانین.


.jpg&w=3840&q=75)