رووداو دیجیتاڵ دەستەی دەستپاکیی عێراق داوا لە رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی دەکات کار بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک بکرێت بۆ گێڕانەوەی ئەو پارە و موڵکانەی براونەتە دەرەوەی عێراق. لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ محەممەد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە عێراق، محەممەد لامی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، کار دەکەن بۆ پێکهێنانی "هاوپەیمانێتییەکی ئیسلامی کارا بۆ راوەدوونانی گەندەڵکاران و گێڕانەوەی ئەو پارە و سامانی گشتییەی کە دزراوە و بۆ دەرەوەی وڵات براوە." بەگوێرەی راگەیێندراوی دەستەی دەستپاکی، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی نێوان وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی کردووەتەوە، "بە تایبەت لە بوارەکانی گۆڕینەوەی زانیاری و پێشکێشکردنی هاوکاریی یاسایی بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە بە تۆمەتی گەندەڵی داوا کراون و ئێستا لە وڵاتانی ئیسلامی دان." دەستەی دەستپاکی دەڵێت، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر چوونە نێو رێککەوتننامەیەک لەگەڵ رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی. رێککەوتننامەکە ئامانجەکانی بریتین لە: - خێراکردنی گۆڕینەوەی زانیاری لە نێوان دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسادا. - پەرەپێدانی مەشق و راهێنان و ئاڵوگۆڕی شارەزایی پزیشکی و تەکنیکی. - رووبەڕووبوونەوەی تاوانەکانی بەرتیل، دزینی سامانی گشتی، سپیکردنەوەی پارە، و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات. لە ڕاگەیێندراوەکەی دەستەی دەستپاکیدا هاتووە کە جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتننامەیە بە "رەچاوکردنی سەروەریی وڵاتان و دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆیی یەکدی دەبێت، بەڵام فشارەکان بۆ سەر ئەو کەسانە زیاد دەکات کە دەیانەوێت وڵاتانی ئیسلامی وەک پەناگەیەک بۆ حەشارانی پارە دزراوەکان بەکاربهێنن." بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، هێزێکی هاوبەشی دژەتیرۆر، سوپا و دەستەی دەستپاکیی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە بە ناوی "هەڵمەتی بەرەبەیان" کرد. لە (هەڵمەتی بەرەبەیان) دا، تاوەکو ئێستا 21 بەرپرس و پەرلەمانتار دەستگیر کراون، کە 13ـیان پەرلەمانتاری ئەم خولەن و یەکێکیشیان پەرلەمانتاری خولی رابردووە. هەروەها دوو بریکاری وەزارەتی نەوت لە نێو دەستگیرکراوەکاندان.
عێراق21-07-2026ئەحمەد ئەسەدی لەبارەی هەڵکوتانە سەر بارەگاکانی بزووتنەوەکەی: هەڵەی کەسێکی نزیکم بوو و داواکراو نیم