رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پڕۆژەیەکی نیشتمانی بۆ پاراستنی جۆرە رەسەنەکانی سەوزە و بەرهەمهێنانی بنەتۆوی خۆماڵی رادەگەیێنێت. بەڕێوەبەری بەرنامەی سەوزایی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "چی دیکە رێگە نادەین تامی رەسەنی بەرهەمی عێراقی لەنێو هاوردەکراوەکاندا ون بێت."
رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، نەوار زەهەب، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی سەوزایی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پلانێکی ستراتیژیمان لەبەردەستە و ئامانجمان زیندووکردنەوەی بەرهەمهێنانی بنەتۆوی خۆماڵییە لە هەموو قۆناخەکاندا تاوەکو پشتبەستن بەو بنەتۆوە هاوردەکراوانە کەم بکەینەوە کە قورساییەکی زۆریان لەسەر شانی جووتیاری عێراقی دروستکردووە."
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی کەمئاوی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، نەوار زەهەب ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان رێگەی زانستییان گرتووەتەبەر و کاردەکەن بۆ پەرەپێدانی جۆرە بنەتۆوێکی خۆماڵی کە "توانایەکی بەرزی بەرگری" هەبێت بەرامبەر کەمئاوی و وشکەساڵی.
"تام و چێژی بەرهەمی نیشتمانی دەپارێزین"
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "سوورین لەسەر ئەوەی پارێزگاری لەو تام و چێژ و کواڵیتییە بکەین کە تەنیا لە بەرهەمە نیشتمانییەکانی عێراقدا هەیە."
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی سەوزایی دەڵێت: "هەوڵێکی هاوبەش و ورد لەنێوان فەرمانگەی باخداری و ناوەندە توێژینەوەکان دەستیپێکردووە بۆ بەڵگەنامەکردن و پاراستنی تایبەتمەندیی بۆماوەیی بۆ جۆرە دەگمەنەکانی سەوزە و میوەی عێراقی. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی هیچ جۆرە هاوردەیەکی بیانی نابێتە مەترسی بۆ سەر فەوتانی رەسەنایەتیی بەرهەمەکانمان."
لەبارەی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت: "هاوئاهەنگییەکی باش لەنێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی هەیە، بەڵام لە پرسی بنەتۆو پێویستمان بە هاوئاهەنگی زیاترە، بۆئەوەی بتوانین بنەتۆوی هەموو عێراق بەبێ جیاوازی بەبازاڕ بکەین."
بە گوتەی نەوار زەهەب، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کار بۆ هەناردەکردنی بنەتۆوی بەرهەمە عێراقییەکان دەکات و لە یەکەم هەنگاویشدا بنەتۆویان ناردووەتە ئیمارات.
قارەمان مەولوود، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەبارەی هاوئاهەنگییەکە باسی لەوە کرد کە هاوئاهەنگی تەواویان لەگەڵ کشتوکاڵی عێراق هەیە و رۆژژمێری ساڵەشیان لەگەڵ یەکخستوون و ئێستا لە سەرتاسەری عێراق کار بە یەک جۆر رۆژژمێری کشتوکاڵی دەکرێت. سەبارەت بە بنەتۆو، قارەمان مەولوود بە رووداوی گوت: "وەزارەتی کشتوکاڵ بنەتۆو بۆ سەرجەم جووتیاران دابین دەکات، بە نرخێکی گونجاو."
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە لە بازاڕەکاندا چەندین جۆر بنەتۆو هەن، بەڵام بنەتۆوی خۆماڵی باشترین جۆرە و خواستێکی زۆری لەسەرە.


.jpeg&w=3840&q=75)
