رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کار بۆ جێگیرکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر میلاکی هەمیشەیی لە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی دەکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش واژۆی 50 پەرلەمانتار کۆکراوەتەوە و ئاراستەی لیژنەی دارایی کراوە.
رۆژی شەممە، 25ـی تەممووزی 2026، د. بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "داوامان کردووە گرێبەستەکان لەسەر میلاکی هەمیشەیی لە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی جێگیر بکرێن. بۆ پشتگیریی ئەم داواکارییەش، واژۆی زیاتر لە 50 پەرلەمانتارمان کۆکردووەتەوە."
لەبارەی رێکارە یاساییەکانی ئەو داواکارییە، د. بڕیار رەشید گوتی، سەرۆکی پەرلەمان واژۆی لەسەر داواکارییەکەیان کردووە و ئاراستەی لیژنەی دارایی کردووە؛ گوتیشی، "ئامانجمان دەستەبەرکردنی مافی ئەو گرێبەستانەیە کە ماوەیەکی درێژە لە خزمەتدان و بەهۆی قەیرانە داراییەکانەوە نەکراونەتە هەمیشەیی."
هەروەها، بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی د. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەسەرە، داوا لە وەزیری دارایی عێراق کراوە رەزامەندی بدات لەسەر دابینکردنی پارەی پێویست بۆ دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
واژۆی 50 پەرلەمانتاری عێراق
ئەم هەوڵانە لە کاتێکدان، ئامادەکارییەکان بۆ داڕشتنی یاسای بودجەی ساڵی 2027 دەستیان پێکردووە. فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامەزراوە جیاوازەکان چاویان لەوەیە مافەکانیان لە چوارچێوەی یاساکەدا بچەسپێندرێت.
لە هەرێمی کوردستاندا 86 هەزار و 791 فەرمانبەری گرێبەست هەن، کە نزیکەی 38 هەزار کەسیان مامۆستان و مووچەیان لەسەر داهاتی نێوخۆیە.



