رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵمەتێکی دژە گەندەڵیدا کە بە (هەڵمەتی بەرەبەیان) ناسراوە، لە پارێزگای دیوانییە دەستیپێکرد و چەندین بەرپرسی شارەوانیی ئەو پارێزگایە دەستگیرکران. جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.
رۆژی شەممە، 25ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارێزگای دیوانییە بە رووداوی راگەیاند، تیمێکی هاوبەشی دەستەی دەستپاکی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بانکی ناوەندیی عێراق، ماوەی دوو رۆژە هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی دیوانییە دەستپێکردووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەڵمەتە دوای ئەوە دێت کە بەر لە 20 رۆژ ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە سەردانی شارەوانییەکەی کردبوو و تێبینیی 40 سەرپێچی و بەهەدەردانی پارەی کردبوو. ئەو سەرپێچییانە کرانە راپۆرتێک و بەرزکرانەوە بۆ نووسینگەی دەستەی دەستپاکی، دواتر دەرکەوت کە چەندین بەرپرس تێوەگلاون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هەریەکە لە عەلی رەحمان و هاتف سوێد، بەڕێوەبەرانی پێشووی شارەوانیی دیوانییە دەستگیرکراون. هەروەها 6 کەسی دیکە کە بەرپرسی بەشەکانن لەناو شارەوانیدا داواکراون و هەندێکیان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
تۆمەتی ئەو بەرپرسانە بریتییە لە "دروستکردنی چەکی بانکیی ساختە و هەبوونی مۆری فەرمیی بەڕێوەبەرەکان لە ماڵەکانیاندا"، ئەوەش بە مەبەستی دروستکردنی پسوولەی کڕینی نایاسایی و خەرجکردنی پارەی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندیی تایبەت.
سەیف نائیلی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە، بەهۆی هەمان دۆسییەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.
هەڵمەتی بەرەبەیان، زنجیرەیەکە لەو رێکارانەی حکوومەتی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا گرتوویەتییەبەر.



