رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گەشتیاریی عێراق کۆمەڵێک ئەپڵیکەیشن و خزمەتگوزاریی ئەلیکترۆنی بۆ گەشتیاران رادەگەیێنێت کە کارئاسانی بۆ گرتنی ژووری هۆتێل و کڕینی بلیتی مۆزەخانەکان دەکەن.
عەلی یاسین رەزا، گوتەبێژی دەستەی گەشتیاریی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری عێراق، رۆژی دووشەممە، 27ـی تەممووزی 2026، بە رووداوی راگەیاند، ئەم ئەپڵیکەیشنە نوێیانە رێگە بە گەشتیاران دەدەن بە شێوەیەکی زیرەک و لە هەموو کاتێکدا بلیتی مۆزەخانەکان بکڕن و لە هۆتێلەکان ژوور بگرن. ئاماژەی بەوەش کرد، کارەکانی ئەم پرۆژەیە گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی و ژینگەیەکی لەباری بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری رەخساندووە.
بەگوتەی عەلی یاسین، دەستەکە خەریکی ئامادەکردنی نەخشەیەکی گەشتیاریی گریمانەیی و رێبەرێکی ئەلیکترۆنییە بە چەندین زمان، بۆ ئەوەی شوێنەوار و ناوچە گەشتیارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە جیهان بناسێنن.
سەبارەت بە پەرەپێدانی کەرتی گواستنەوە، گوتەبێژی دەستەی گەشتیاری گوتی، "دیدگایەکی نیشتمانیمان هەیە بۆ گەشەپێدانی گەشتیاری لە زاخۆوە تاوەکو فاو. ئەم دیدگایە نۆژەنکردنەوەی هەموو شوێنە شوێنەواریی، کەلەپووری، سرووشتی و ئایینییەکان دەگرێتەوە، کە بێگومان هەرێمی کوردستانیش بەشێکی سەرەکییەتی."
بڕیارە لە کۆتایی مانگی ئاب یان سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا، وۆرکشۆپێکی تایبەت لە هەولێر ساز بکرێت بۆ روونکردنەوەی تەوەرەکانی ئەم دیدگایە، کە پشت بە بەردەوامی و کوالێتی خزمەتگوزاری دەبەستێت.
یاسین رەزا ئاماژەی بەوە کرد، هاوئاهەنگییەکی بەهێز لەنێوان ئەوان و دەستەی گەشتیاریی هەرێمی کوردستاندا هەیە. گوتیشی، "پێنج گوندمان دیارکردووە بۆ دەستپێشخەریی رێکخراوی گەشتیاریی جیهانی وەک باشترین 100 گوندی گەشتیاری لە جیهاندا."
ئەو گوندانە پێکهاتوون لە: گوندی بیارە لە پارێزگای هەڵەبجە، رواندوز (شارۆچکەیە بەڵام بە گوند ناوی هێنراوە) لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هروور لە پارێزگای دهۆک، لەگەڵ گوندی میرکی لە نەینەوا و ئەبو سوبات لە پارێزگای زیقار.


