رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی وزەی تورکیا رێککەوتنێکی نوێیان بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەرێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بۆ یەک ساڵ واژۆکرد. بەپێی رێککەوتنەکە، ئاستی هەناردە دەگاتە 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
رۆژی شەممە، 1ـی ئابی 2026، باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عێراق لە ئەنقەرە لەگەڵ ئاڵپارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە، هەردوولا واژۆکردنی رێککەوتنێکی فەرمییان لەنێوان کۆمپانیای (بۆتاش)ـی تورکیا و هەردوو کۆمپانیای (سۆمۆ) و (دامەزراوەی نیشتمانیی نەوتی عێراق) راگەیاند.
وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، "رێککەوتنەکە بۆ یەک ساڵە و تێیدا ئاستی هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی جەیهانەوە بۆ 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دیاریکراوە."
ئەم رێککەوتنە دوای ئەوە دێت کە رێککەوتنی پێشووی گواستنەوەی نەوت لە 26ـی تەممووزی ئەمساڵ کۆتاییهاتبوو. وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەکرد، "ئەم هەنگاوە رێگەخۆشکەرە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی عێراق و دابینکردنی دەروازەیەکی جێگیر بۆ فرۆشتنی نەوت."
باسم محەممەد دەڵێت، کاردەکەن بۆ ئەوەی لە ماوەی ئەمساڵەدا "رێککەوتنێکی گشتگیری نوێ" ئامادەبکەن کە جێگەی رێککەوتنەکەی ساڵی 1973 بگرێتەوە. ئامانجی ئەم پلانە نوێیەش، بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراقە بۆ 1.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
وەزیری نەوت گوتیشی، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا تەنیا گواستنەوەی نەوت نییە، بەڵکو گفتوگۆی گرنگمان کردووە بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەکانی نەوتی نێوخۆی عێراق و دروستکردنی هاوبەشی لە سێکتەرەکانی دەرهێنان و پاڵاوتن."
ئاڵپارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیاش رایگەیاند، هێڵی بۆریی نەوتی نێوان عێراق و تورکیا بۆ نیو سەتە وەک "رێرەوێکی ستراتیژیی وزە" خزمەتیکردووە.
وەزیری وزەی تورکیا گوتی، "ئامانجمان ئەوەیە بەزۆرترین شێوە سوود لەم ژێرخانە بەهێزە وەربگرین. ئەم رێککەوتنە دڵنیایی دەدات کە نەوتی عێراق بەسەلامەتی و بێ پچران بگاتە بازارەکانی جیهان، ئەمەش لەژێر رۆشنایی گۆڕانکارییەکانی بازاری وزەدا، پێگەیەکی ستراتیژیی گەورەیە بۆ ئاسایشی وزەی ناوچەکە و جیهان."
بەپێی رێککەوتنەکە، هەردوولا پابەند دەبن بە هاوکاریی درێژخایەن بۆ ئەوەی سەردەمێکی نوێ لە هاوبەشیی وزە لەنێوان بەغدا و ئەنقەرەدا دەستپێبکات، کە جگە لە نەوت، کەرتەکانی گازی سروشتیش بگرێتەوە.

