رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا بڕیاریدا وردبینیی پێشوەختە بۆ سەرجەم گرێبەستەکانی حکومەت بکرێت و دابینکردنی وزە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەردەوام بێت. بەگوێرەی سەرچاوەیەکی بەرپرس، لەو کۆبوونەوەیەدا باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە و تاوتوێی زیادکردنی داهات کراوە.
پێنجشەممە 6ـی ئابی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران کرد.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا کە سەرجەم گرێبەستەکانی حکومەت لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایییەوە وردبینیی پێشوەختەیان بۆ بکرێت و لەسەر ئاستی وەزارەت، دامەزراوە و پارێزگاکان ئەو وردبینییە بکرێت، هەروەها رێبەرێکی تایبەت ئامادە بکرێت لەبارەی وردبینیی پێشوەختەی گرێبەستە حکومییەکان.
بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەو گرێبەستانەی ستراتیژی یان خێران و پارەکەیان لە یەک ملیار دینار زیاترە، لە ماوەی 10 رۆژدا وردبینییە پێشوەختەکەیان بۆ بکرێت و دواتریش بەگوێرەی یاسا کارپێکراوەکان وردبینیی دیکەیان بۆ بکرێت.
بەشێک لە بڕیارەکانی دیکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بوون بە کەرتی کارەبا، وەک گرێبەست بۆ هەردوو وێستگەی رومێلە و شەتولعەرەبى تایبەت بە بەرهەمهێنانی کارەبا و چاککردنەوەیان، هەروەها دابینکردنی وزەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای ناوچەی باکوور لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە.
بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەرهەمە نەوتییەکان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە بەبێ وردبینیی دیوانی چاودێریی دارایی تێپەڕێنرێن، تاوەکو ئەو کاتەی جووڵەی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز ئاسایی دەبنەوە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باس لە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە، ئەوەی پەیوەندیدارە بە مووچەوە، باس لە چۆنیەتیی زیادکردنی داهات کرا کە یەکێک لە رێگەکان کۆکردنەوەی پارەی کارەبا بوو لە هاووڵاتییان.



