رووداو دیجیتاڵ مانگی ڕابردوو 57 بوومەلەرزە لە ناوخۆی عێراق روویانداوە کە 32ـیان لە سنووری پارێزگای کەرکووک بوون، 45 بوومەلەرزەی دیکەش ناوەندەکەیان لە دەرەوەی عێراق بووە. عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە مانگی تەممووزدا 102 بوومەلەرزەمان تۆمار کردووە کە 57ـیان ناوەندەکەیان لە ناو سنووری عێراقدا بووە، 45ـیشیان لە دەرەوەی عێراق و نزیک سنوورەکان بوون کە پاشلەرزەیان لەناو عێراقدا تۆمار کراوە. عامر جابری رایگەیاند، لەو 57 بوومەلەرزەیەی ناوەندەکەیان لە ناو عێراق بووە، 32ـیان لە سنووری پارێزگای کەرکووک بوون. بەگوێرەی ئاماری دەستەی کەشناسیی عێراق، لە ساڵی 2025دا تێکڕای ئەو بوومەلەرزانەی روویداوە و ناوەندەکەیان لە ناو سنووری عێراق بووە، گەیشتووەتە 463 بوومەلەرزە. گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق رایگەیاند کە بەشێک لەو بوومەلەرزانەی مانگی تەممووز کە تۆمار کران هەستیان پێ نەکراوە، بۆیە لە کاتی خۆیدا رانەگەیێندراون بۆ ئەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لە لای هاووڵاتییان دروست نەبێت. بەگوێرەی ئاماری دەستەکە بۆ بوومەلەرزەکانی مانگی رابردوو، لەدوای کەرکووک، زۆرترین بوومەلەرزە لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بووە کە هەشت بوومەلەرزە بووە، لە دیالە پێنج بوومەلەرزە و لە هەولێر چوار بوومەلەرزە روویانداوە؛ هەر یەکە لە واست، میسان، بەسرە و زیقار یەکی یەک بوومەلەرزەیان تێدا رووداوە. لەو 45 بوومەلەرزەیەی سەرچاوەکەیان لە دەرەوەی عێراق بووە، 29ـیان ناوەندەکەیان لە ئێران و 16ـەی دیکەیان لە تورکیا بوون.