رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق کە بەدواداچوونی بۆ پرسی مووچە کردووە رایگەیاند، نۆ وەزارەت ماون کە بە تەواوى مووچە وەربگرن و بەگوێرەى فەرمانگەکان دابەش دەکرێت و پێشبینی دەکرێت ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو تەواو بن و دواتر بۆ ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی فیدراڵی چاوەڕێی کۆکردنەوەی پارە دەکات.
پێنجشەممە 6ـی ئابی 2026، سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەدواداچوونی بۆ پرسی مووچە کردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: هەشت بۆ نۆ وەزارەتی حکومەتی فیدراڵ ماون کە بە تەواوی مووچە وەربگرن و بەهۆی کەمیی پارەوە بە بەش بەش و بەگوێرەى فەرمانگەکان مووچەیان پێدەدرێت.
لە 28ـی تەممووزەوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی دابەشکردنی مووچەی ئەو مانگەی دەستپێکردووە کە زیاتر لە 7.8 تریلیۆن دیناری پێویستە.
سەلوان ئاکرەیی رایگەیاند، بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، پێشبینی دەکرێت تاوەکو سێشەممەی داهاتوو (11ـی ئاب) مووچەی تەواوی ئەو نۆ وەزارەتەی حکومەتی عێراق دابەش بکرێت.
بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی چاوەڕێی تەواوکردنی دابەشکردنی مووچەی وەزارەت و دەستە و دامەزراوە فیدراڵییەکان دەکات کە دوایین شوێن پەرلەمان دەبێت.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە دوای تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکانی عێراق، وەزارەتی دارایی فیدراڵی چاوەڕێی دەستخستنی پارە دەکات بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو دواتر بنێردرێت.
مووچەی هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە نزیکەی یەک تریلیۆن دینارە، بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ مانگی رابردوو 120 ملیار دیناری لەو پارەیە بڕی بە پاساوی ئەوەی هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتیی رادەست نەکردووە.



