رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای سەقامگیریی دارایی و دراو بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، ئەوەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی رێگەکانی باشترکردنی داهاتی نانەوتی و دابینکردنی پارەی کاش (نەختینە).
عەلی فالح زەیدی سەرپەرشتیی دووەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای سەقامگیریی دارایی و دراوی کرد.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئاڵنگارییە دارایی و ئابوورییەکانی ئێستای عێراق کرا و جەخت لە هاوئاهەنگیی نێوان سیاسەتی دارایی و سیاسەتی دراو کرایەوە.
ئەنجوومەنەکە تاوتوێی چەند میکانیزمێکی کرد بۆ پەرەپێدانی سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتی و دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ دابینکردنی نەختینە. هەر لە کۆبوونەوەکەدا پشتگیریکردنی چاکسازیی ئابووری و بانکی و بەرزکردنەوەی کارایی سیستمی دارایی باسیان لێوە کرا.
عەلی زەیدی جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی کاری هاوبەشی نێوان وەزارەتەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەن کردەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کرد چارەسەری کردەیی بۆ کێشە داراییەکان بدۆزرێتەوە تاوەکو توانای ئابووریی وڵات بەرامبەر گۆڕانکارییەکان بەهێزتر بێت و چالاکییە ئابوورییە نانەوتییەکان گەشە بکەن.
عێراق بەهۆی دابەزینی هەناردەی نەوت و ناجێگیریی نرخەوە، رووبەڕووی کێشەی کەمیی نەختینە بووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران.


