رووداو دیجیتاڵ پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای موختارەکان دەکات بۆ ئەوەی مووچەکەیان بکرێتە دوو ئەوەندەی ئێستا و رێگەشیان پێبدرێت دەمانچە هەڵبگرن و تفەنگ لە بنکەى پۆلیس بە خواستن ببەن. خوێندنەوەی یەکەمی پێشنیازەیاسای هەمواری یاسای موختارەکان لە 8ی ئاب، لە پەرلەمانی عێراق کراوە، کە هەنگاوی یەکەمی پەسەندکردنیەتی. بەگوێرەی هەمواری یاساکە، رێگە دەدرێت بە موختارەکان دەمانچە هەڵبگرن و مۆڵەتی هەڵگرتنیان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە پێدەدرێت. وەرگرتنی مۆڵەتی چەک دەبێت بە هاوئاهەنگی بێت لەگەڵ یەکەی کارگێڕی یان پارێزگارى ئەو پارێزگایە بێت کە موختارەکە کارى تێدا دەکات. ئەو گۆڕانکارییە رێگە بە موختارەکان دەدات تفەنگ لە بنکەیەکی پۆلیسی ناوچەکەیان بە خواستن وەربگرن بۆ خزمەتکردن، لەگەڵ ئەوەی رێگە بە موختار دەدرێت چەک هەڵبگرێت، سزاش بۆ ئەو کەسانە دیاریکراوە کە دەستدرێژی دەکەنە سەر موختارەکان؛ سزاکە هەمان سزای دەستدرێژیکردنە سەر فەرمانبەرێک دەبێت لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکەیدا. بەگوێرەی مادەی 299ی یاسای سزاکانی عێراق، هەر کەسێک دەستدرێژی بکاتە سەر فەرمانبەرێک لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی فەرمیدا، سزاکەی بەندکردنە کە سێ ساڵ زیاتر نەبێت. مووچەکەیان دەکرێتە دوو ئەوەندە هەموارەکە مووچەی موختارەکانی لە 250 هەزار دینارەوە زیاد کردووە بۆ 500 هەزار دینار، کە بە ناوی پاداشتی مانگانە پێیان دەدرێت. شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: بەوپێیەی هەموارەکە پابەندیی دارایی و زیادکردنی پاداشتی موختارەکانی تێدایە، پێویستی بە رەزامەندیی حکومەت هەیە و ئەگەر حکومەت بیەوێ دەتوانێ لە دوای دەرچوواندنی لە پەرلەمان، تانەی لێ بدات. هەموارەکە ئەوەی دیاریکردووە کە زیادکردنی مووچەی موختارەکان بۆ 500 هەزار دینار بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت و لە بودجەی پارێزگاکەی دەدرێت، هەروەها مافی خانەنشینیشی دەبێت. چۆن موختار دیاری دەکرێت؟ ئەو یاسایە لە ساڵی 2011 دەرچووە و ئەوە دووەمجارە هەموار دەکرێتەوە، کە بۆ رێکخستنی کاری موختارەکانە لە کۆڵان، گوند و شارەکان. هەموارەکە ئاماژەی بەوە داوە کە هەر گەڕەک، گوند و کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون موختارێکیان دەبێت. بەگوێرەی یاسای موختارەکان، نابێ ئەو شوێنەی موختارەکەی لێیە دانیشتووانەکەی لە 300 کەس کەمتر بێت. ئێستا لە سەرتاسەری عێراق زیاتر لە 17 هەزار موختار هەن. موختارەکان لەلایەن یەکەی کارگێڕییەوە بەربژێر دەکرێن و لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگیان لەسەر دەدرێت بۆ پەسەندکردنیان؛ دەبێت موختارەکە دانیشتووی ئەو ناوچەیە بێت کە ئەرکەکەی تێدا دەبێت. هەر موختارێک مانەوەی لە پۆستەکەیدا زیان بە بەرژەوەندیی گشتی بگەیێنێت، دوای لێکۆڵینەوە، کەسێکی دیکە دەخرێتە جێگەی.