رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، گورزێکی کوشندەیان لە "باندێکی گەورەی ساختەکاری" لە پارێزگای ئەنبار وەشاندووە کە ویستوویانە دەست بەسەر دوو زەوی گرانبەهای دەوڵەتدا بگرن. لەو چوارچێوەیەشدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 34 تۆمەتبار جێبەجێکراوە، بەڵام گوتەبێژی حکومەتی خۆجێی پارێزگای ئەنبار دەڵێت، ئەو بابەتە کۆنە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی کە رۆژی سێشەممە، 11ی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە، تیمەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی ئەنبار توانیویانە پلانێکی گەورەی "تاڵانکردنی زەوی" ئاشکرا بکەن، کە هەوڵدراوە دوو زەوی وەزارەتی دارایی بە رووبەری 40 دۆنم لە سنووری قەزای فەلوجە، بە ساختەکاری بکرێنە موڵکی کەسانی دیاریکراو.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوە کردووە، ساختەکارییەکە لە چەند فەرمانگەیەکی کراوە لەوانە، بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری خانووبەرە، بەڕێوەبەرایەتیی پلاندانانی ئاوەدانی، فەرمانگەی باجی فەللوجە و کۆمەڵەی نیشتەجێبوون لە پارێزگای ئەنبار.
باندەکە لەڕێگەی ساختەکردنی بڕیاری خاوەندارێتییەوە، زەوییەکەیان بەناوی کۆمەڵەی نیشتەجێبوونەوە تۆمار کردووە و دواتر دابەشیان کردووە بۆ 336 پارچە زەوی. بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، نرخی ئەو زەوییانە بە زیاتر لە ملیارێک و 831 ملیۆن دینار دەخەمڵێندرێت.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 34 کەس دەستگیرکراون یان بانگهێشتی دادگە کراون، کە پێکدێن لە فەرمانبەری حکومی و کەسانی دەرەوەی فەرمانگەکان. دەستەی دەستپاکی دەڵێت، "ئەم کەسانە پێکەوە تۆڕێکیان دروستکردووە بۆ گۆڕینی خاوەندارێتی زەوییەکان و فرۆشتنەوەیان بە هاووڵاتییان."
دوای ئاشکرابوونی ساختەکارییەکە، دادوەری لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە رومادی بڕیاری داوە بە دەستبەجێ راگرتنی هەر مامەڵەیەک لەسەر ئەو زەوییانە و دانانی نیشانەی (حیجز)، هەروەها راگرتنی تەواوی تۆمەتباران بەپێی مادەکانی (289 و 298) لە یاسای سزادانی عێراقی، کە تایبەتن بە تاوانەکانی ساختەکاری و بەکارهێنانی بەڵگەنامەی ساختە.
سەعد غازی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای ئەنبار بە رووداوی گوت، "ئەو بابەتە کۆنە و دەستەی دەستپاکی وەکو پێشاندانی کاروچالاکی خۆیان ئێستا باسی دەکات."
بە گوتەی سەعد غازی، حاڵەتەکە زیاتر لە ساڵێک پێش بووە و، "ئەوانەی دەستگیرکراون زۆربەیان گومانلێکراو بوون نەک تۆمەتبار."



